بارزانی پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە

مەسعود بارزانی پەیامێکی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح بڵاو کردەوە.

 مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خوشك و برایانی خۆشەویستی كریستیان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای جەژنێكی پڕ لە خۆشی و شادییان بۆ دەخوازم".
 
هەروەها دەشڵێت ”بەهۆی پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستان، بەشێكی زۆری خوشك و برا كریستییانەكانمان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و نەیانتوانیوە بۆ ناوچەكانیان بگەڕێنەوە"
 
بارزانی ڕاشیگەیاندووە ”لەم بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم كە خوشك و برا كریستییانەكان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە پێشمەرگە بەخوێنی خۆی بەرگری لە كوردستان كرد و خوشك و برا مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی تریشی پاراست و ناوچەكانی ئازاد كرد، كوردستانیش هەمیشە پەناگە و پاڵپشتی خوشك و برا كریستیانەكان و بەهاكانی پێكەوەژیان دەمێنێتەوە. لە كوردستاندا هەرگیز هزری تیرۆر و جیاكاریی ئایینی و تاییفی جێگەی نابێتەوە. ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برا و هاوبەشین و هیچ هێز و هزرێكی شەڕانگێز ناتوانێ برایەتی و پێكەوەژیانمان تێكبدات".
 
هیواداریشە ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی خێر و بەختەوەری بۆیان و هەموو ساڵێک لە ئارامی و ئازادیدا جەژنەکانیان پیرۆز بکەن.



PM:02:58:24/12/2016