وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی موچەوە بڕیارێکی نوێی دەرکرد

وەزارەتی دارایی بڕیاریدا بە گەڕانەوەی مووچەی پاشكەوتكراوی ژمارەیەك مامۆستای بیانی كە بەشێوەی گرێبەست دامەزراون و بە گوێرەی بڕیارەکەش ساڵی ئایندە پاشەکەوتی مووچە نایانگرێتەوە.

ماڵپەڕی دواڕۆژ بڵاویکردووەتەوە "رابەر سدیق، بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بە وەكالەت بە نووسراوی ژمارە (12800) كە لە 20ی كانوونی یەكەمی 2016 دەرچووەو وێنەیەكی لای دواڕۆژە، بڕیاریداوە مووچەی چوار مانگی كۆتایی ساڵی 2015ی (26)مامۆستای بیانی كە لە زانكۆكانی كوردستان بە گرێبەست دامەزراون، بەرێژەی (10%) و بە چوار قۆناغ و لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی سێ‌ مانگی كۆتایی 2016 و مانگی كانوونی دووەمی 2017 بۆیان خەرجبكرێت".

هەر لە هەواڵەکەی ئەو ماڵپەڕەدا کە دەقی بڕیارەکەی داناوە هاتووە " بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕیاریداوە بۆ مانگە شایستەكانی ساڵی 2016 كە پێشتر بەشێوەی پاشكەوت و بەرێژەی 50% خەرجكراوە، بۆ ئەو مامۆستایان بگەڕێندرێتەوە و بەپێنج قۆناغ و لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی سێ مانگی كۆتایی 2016 و دوو مانگی سەرەتای 2017 پێیان دەدرێتەوە".


بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕیاریداوە كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2017 بە دواوە مووچەی ئەو (26) مامۆستایە بەبێ‌ پاشكەوت و بەرێژەی 10% بۆیان خەرجدەكرێت.

هەر بە گوێرەی نوسراوەکە "پێشتر مووچەی 170 مامۆستای بیانی كە بەشێوەی گرێبەست دامەزراون، یەكلایی كراوەتەوە"


لە زانكۆكانی كوردستان، 196 مامۆستای بیانی بەشێوەی گرێبەست دامەزراون و مووچەكانیان لەنێوان یەك ملیۆن و 500 هەزار دینار تاكو سێ‌ ملیۆن و 500 هەزار دینار دایە.



PM:08:29:29/12/2016