پاش ئەوەی سپی زانیاری لەسەر گەیاندنی هەندێ پێداویستی ئۆتۆمبیل لەنزیك سەنگەرەكانی پێشمەرگە بۆ چەكدارانی داعش بڵاوكردەوە، ژمارەیەك پێشمەرگە دەستگیر كران.
لەمبارەیەوە ئەفسەرێكی لیوای دووی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە ناوی ئاشكرا نەكردوە بە ماڵپەڕی (خەڵك)ی ڕاگەیاندوە: بەتۆمەتی بازرگانیكردنی مادە خۆراكییەكان لەگەڵ داعش، دوێنێ 7حەوت ئەفسەری لیواكەمان لە داقوق دەستگیركران، كە چوار لەو ئەفسەرانە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان و سیانیان سەر بە یەكێتیی نیشتمانی كوردستانن.
وتیشی" نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و چەكدارانی داعش لە داقوق چەمێك هەیە و لەو چەمەشدا مادەی خۆراكی دۆزراوەتەوە، هەر بۆیە ئەو ئەفسەرانە دەستگیر كراون".
ئاماژەی بەوەشكرد، هەندێك لە خەڵكی ئەو ناوچەیە كە كاكەین بازرگانی دەكەن لەگەڵ داعش و ڕێگریشیان لێناكرێت، ڕەنگە ئەو مادە خۆراكیانەش كە دۆزراونەتەوە هی ئەوان بن.
دوێنی سپی لەهەواڵێكدا چەند وێنەیەكی بڵاوكردەوە كە ئاماژە بەوەدەكات هەوڵدراوە هەندێ پێداویستی ئۆتۆمبیل لەنزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە بگەیەنرێتە دەستی داعش لەدەوروبەری حەویجە.
لێرەوە وێنەكان ببینەو زانیاری زیاتر بخوێنەرەوە