بڕێک پارە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت

بەهۆی دواکەوتنی چەند مانگی خۆراکەوە بەسەر هاوڵاتیان و هاتنی ساڵی نوێوە هاوڵاتیان بە بڕێک پارە قەرەبوو دەکرێنەوە.

بریكاری گشتی دابەشكردنی خۆراكی عێراق سەعید سوعادی ڕاگەیاند " لەبڕی دواكەوتنی ئەم بەشە خۆراكە لە دوو هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوە دەكرێت لەسەر پێدانی بڕە پارەیەك بە هاووڵاتییان، هەروەها ئەم پارەیەش ڕەنگە بۆ قەرەبووی چوار مانگ بێت".

ئەو بەرپرسە بە ماڵپەڕی ووشەی راگەیاندووە" دابەشكردنی خۆراكی مانگانە بەردەوامی هەیە هەرچەندە زۆریش دواكەوتووە، چونكە ئێستە ئێمە خۆراكی مانگی چواری ئەمساڵ دابەش دەكەین لە كاتێك ساڵ بەرەو كۆتا دەچێت".

لە درێژەی قسەکانیدا سوعادی دەڵێت" دابەشكردنی خۆراكی مانگانە بەردەوام دەبێت بۆ هەر مانگێك هەر هاووڵاتییەك بە بڕی حەوت هەزار و 500 دینار قەرەبوو دەكرێتەوە، چاوەڕوانین بزانین وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی لەسەر ئەو بڕە پارەیە دەدا، یان چەند پارە دابین دەكات".

لەبارەی بڕی شیری منداڵان سوعادی دەڵێت" ئەم كێشەیە سێ‌ ساڵە بەردەوامی هەیە و بێگومان منداڵانیش لەناو لیسی قەرەبووكردنەوەن و قەرەبووەی ساڵێك وەردەگرن. واتە پێدانی دوو بڕە پارە بە دایك و باوكیان كە ڕەنگە 73 هەزار بە 73 هەزار دینار بێت".

دابەشکردنی خۆراکی مانگانە بەسەر هاوڵاتیانی عێراق بە کوردستانیشەوە هەموو ساڵێک چەند مانگێک کەڵەکە دەبێت و دوا دەکەوێت، حکومەت هەندێکجار ناچار دەبێت، لە بری ئەو بڕە خۆراکە پارە دابەش بکات.




AM:09:29:02/01/2017