موچەی دوو مانگی فەرمانبەران دابەش دەكرێت

بەوتەی  بەرپرسی سەنتەری زانیاریی لێكۆڵینەوە و ستراتیژیی كوردستان ئاشکرای کرد کە، حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی دوو مانگەکەی پار خەرج دەکات، ئینجا موچەی ساڵی نوێ دابەش دەكات. دەشڵێ، پێداچوونەوە بە مووچەی فەرمانبەراندا دەکرێت.

لەمبارەوە  دكتۆر ئاراس خۆشناو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە بەردەوام بێت لە دابەشكردنی مووچەی ساڵی رابردووی فەرمانبەران و، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتیش دووپاتی كردووەتەوە لەسەر بەردەوامیی پڕۆسەی دابەشكردنی مووچە، لەبەر ئەوەیش حكوومەت بەر لە سەری ساڵ مووچەی مانگی 10ـی دابەش كرد، تا بتوانێ دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 11ـی ساڵی رابردوو بكات، واتە دوای مووچەی مانگی 10 حكوومەت دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 11ـی ساڵی رابردوو دەكات".

وتیشی: "بڕیارە حكوومەت لە ئەمساڵدا پێداچوونەوە بە كۆی پرسە داراییەكاندا بكات و شێوازێكی دیكە بۆ گۆڕانكاری لە مووچەی فەرمانبەراندا دەبینێتەوە، ئینجا پاشەكەوت كەم دەكاتەوە یانیش شێوازێكی دیكە دەدۆزێتەوە، گرینگ ئەوەیە گۆڕانكاری بەسەر مووچەدا دێت".




PM:03:23:03/01/2017