باندێكی مەترسیداری دزیكردن لە سلێمانی دەستگیر دەكرێن
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیركردنی باندێكی مەترسیداری دزیكردنی راگەیاند.
ئەمرۆ 10/1 نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: باندەكە لەلایەن هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی و بەهاوكاری هێزەكانی ئاسایشی كەلارو دەربەندیخان بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی دەستگیر كراون، ئەو باندە لە سێ تۆمەتبار پێكهاتون دوو پیاو و ژنێكن و سەرجەمیان كوردن، دانیانناوە بەتاوانەكەیانداو لە چەند دۆسیەیەكی تردا داوا كراون.
وتیشی: ئەو باندە مەترسیدار بون و لەچەند گەڕەكێكی شاری سلێمانی و پارێزگای كەركوك و هەڵەبجەو دەربەندیخان و كەلار دەچونە سەر ئەو ماڵ و خێزانانەی كە تەنها ژن و پیاوی پیری تێدابون، پاش پێدانی حەب و شروبی هۆشبەر پێیان دواتر هەستاون بە دزینی كەلوپەل و شتە گرانبەهاكانیان.
نەقیب سەركەوت وتیشی: توانراویشە سێ تۆمەتباری تریش لەسەر دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیر بكرێن و دانیشیانناوە بەتاوانەكەیاندا، هەروەها دوو تۆمەتباری تریش دەستگیر كراون كە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتیانیان لەسەرە.
PM:02:51:10/01/2017