دەرماڵەی ئێشكگری و هاندان دابەش دەکرێت

بە وتەی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی  لە ئایندەیەكی نزیكدا بەپێی پلانێكی تۆكمە، دەرماڵەی ئێشكگری و ھاندانی مانگی  ٨ی ٢٠١٦، بەسەر كارمەندانی تەندروستی و كارگێڕی تەندروستیدا دابەشدەكرێت.

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا لەزاری میران محەمەد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە: ئەمجارە پرۆسەی دابەشكردنەكە بەشێوازێكی باشتر و دادپەروەرانەتر دەبێت، تێیدا ھەوڵیانداوە لەڕێی لیژنەیەكی باڵای تایبەتمەندەوە بۆ ئەو مەبەستە زۆرترین كەس لەناو ناوەندە تەندروستییەكاندا لێی سوودمەند بێت.

میران محەمەد ئاشكراشیكردووە، بڕی ئەو پارەیەی بۆ دەرماڵەكە تەرخانكراوە، ١  ملیارو ٩٥ ملیۆن دینارە، كە بەسەر ١٢ ھەزارو ٦٩٦ كەسدا دابەشدەكرێت، ئەویش بەپێی خشتەی ئێشكگری و هاندان دەبێت، لەو ژمارەیەش چوار ھەزارو ٤٢ كەسیان بەشێوەی ئێشكگری لەشەواندا و هەشت هەزارو ٦٥٤ كەسی تریش بەشێوەی هاندان لە دەوامی بەیانیان سوودمەند دەبن.



PM:02:30:13/01/2017