وادەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان ڕاگەیەندرا

بەرێوەبەری گشتی نەوت و كانزاكان لە سلێمانی ڕایگەیاند دابەشكردنی نەوت لە هەفتەی داهاتووە دەستپێدەكاتەوە، لە ئێستادا مەبەستمانە ناوچە ساردەكان و قەزا و ناحیەكان تەواو بكەین.

محەمەد حەسیب، بەرێوەبەری گشتی نەوت و كانزاكان لە سلێمانی بە ماڵپەڕی خەڵکی ڕاگەیاند "دابەشكردنی نەوت هەرچەندە لە ئێستادا ڕاگیراوە، بەڵام هەفتەی داهاتوو دەست پێدەكاتەوە و لە دابەشكردنی بەردەوام دەبین".

هەروەها وتوشییەتی لە ئێستادا مەبەستمانە ناوچە ساردەكان و قەزا و ناحیەكان تەواو بكرێت، ئەوجا دەست دەكرێت بەدابەشكردنی نەوت لە ناو سلێمانی، دابەشكردن لە ئێستادا لە هەڵەبجە و چوارقورنە و سەید سادقە.

محەمەد حەسیب ڕاشیگەیاند، بەهەر نرخێك بێت ئێمە توانیومانە نرخی نەوت لە بازاڕ تا ڕادەیەك بە جێگری بهێڵینەوە و لە نێوان 130 هەزار و 135 هەزار دیناردا بێت و نەهێڵین لەوە زیاتر نرخەكەی سەر نەكەوێت.

جەختیشیکردووەتەوە ئێمە ناتوانین نرخ بۆ نەوتی بازرگانی دیاری بكەین، ئاگادارین لەوەی بازرگانان نەوتی سپی هاوشێوەی بەنزین هاوردە دەكەن و بەنرخی بازرگانی دەیفرۆشنەوە.




PM:09:45:14/01/2017