وێنە... گەنجێك لەلایەن هاوڕێكەیەوە لە ھەولێر دەكوژرێت

 بەپێی لێدوانی پۆلیسی هەولێر شەوی رابردوو لە گەرەكێكی ئەوشارە بە فیشەک گەنجێك لەلایەن هاوڕێكەیەوە كوژراوە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ڕاگەیاند: شەوی ڕابردوو 14لەسەر 15ی كانونی یەكەمی 2017، لە گەڕەکی ڕاستی شاری هەولێر، گەنجێک بەناوی هێژا غەفوور کە لەدایکبووی ساڵی 1992ە، لەلایەن هاوڕێیەکیەوە کوژراوە.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وتیشی: کوژراوەکە لەگەڵ هاوڕێیەکی بووە بە ناوی (ب.ب)، دەستکاری دەمانچەیەکیان کردووە کە هی هاوڕێکەی بووە، لەم کاتەشدا فیشەکێک لە دەست هاوڕێکەی دەرچووە و بەهۆیەوە هێژا غەفوور گیانی لەدەست داوە، ئەوەشی ڕەت کردەوە کە ڕووداوەکە بە ئەنقەست بێت.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە هێژا و هاوڕێکەی لە گەڕەکی ڕاستیی شاری هەولێر، نووسینگەیەکیان بۆ کارکردن داناوە، بەڵام هێشتا دەستیان بە کارکردن نەکردووە و ڕووداوەکەیان بەسەر هاتووە و بکوژەکە خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە.




PM:03:16:15/01/2017