بەرهەم ساڵح ڕوونكردنەوەیەكی‌ بڵاوكردەوە

 د. بەرهەم ساڵح ڕایدەگەیەنێت بەشێك لەوتەكانی‌ لە دیداری‌ بەغدا شوێندراوەو وا وێناكراوە كە ئەو داوای‌ لە بیركردنی‌ تاوانی‌ سپایكەری‌ كردبێت و تاوانی‌ دژ بە ئێزیدیەكانی‌ بە ڕێگا پێدراو زانیبێت "ئەوەش بە هەڵەدابردنە".

د. بەرهەم لە ڕوونكردنەوەیەكدا کە لە پەرەی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لە فەیسبووك بڵاویکردوەتەوە ڕوونیكردووەتەوە کە ئەو لەوتەكانیدا هۆشداریداوە بەوەی گەورەترین ئاستەنگی و مەترسی لەبەردەم عێراقدا ئەوەیە سەركردەكانی لەسەر ئەم پەیڕەوی ئێستا بڕۆن و سەركەوتن ڕابگەیەنن و "تاوانەكانی سپایكەر و تاوانی‌ حەڵالكردنی‌ سەرو ماڵی‌ ئێزیدییەكان لەبیربكەین و خۆمانی لێ گێل بكەین".


دەقی‌ ڕوونكردنەوەكە..

لەو وتەیەی لە دیالۆگی بەغدا پێشكەشم كرد، بەشێكی دابڕێنراو و بەدەر لەسیاقی وتەكانم گوێزراوەتەوەو واوێناكراوە وەكو ئەوەی من داوای لەبیركردنی قەسابخانەی سپایكەرم كردبێت و تاوانی حەڵاڵكردنی‌ سەروماڵی‌ ئێزدییەكانم بەڕێگاپێدراو زانیبێت، ئەمە بەهەڵەدابردنە، بەڵكو پێچەوانەكەی ڕاستە چونكە من لەوتەكەمدا هۆشداریمدا بەوەی گەورەترین ئاستەنگی و گەورەترین مەترسی لەبەردەم عێراقدا ئەوەیە سەركردەكانی لەسەر ئەم پەیڕەوەی ئێستا بڕۆن و سەركەوتن ڕابگەیەنن و تاوانەكانی سپایكەر و دەستدرێژی بۆسەر ئێزدییەكان لەبیربكەین و خۆمانی لێ گێل بكەین، من جەختمكردەوە پێویستە ئێمە چارەسەری شكست و كەموكوڕییە بنەڕەتییەكانی سیستمی فەرمانڕەوایی بكەین هەتاوەكو ئەو قەسابخانانە دووبارەنەبنەوە.. چونكە ئەوەی ئەو تاوانانە لەبیردەكات بەرپرسیارێتی تاوانەكانی ئایندە و بەردەوامی بازنەی توندوتیژی دەگرێتەئەستۆ.

چونكە ئەوەی ئێزدییەكان ڕووبەڕووی بوونەوە لە دەستدرێژی و كۆمەڵكوژی تاوانێكی قێزەونە كە پێویستدەكات تاوانباران و ئەوانەی‌ بەشداربوون لە ئەنجامدانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدابكرێت و سزا بدرێن و قوربانییەكان قەرەبووبكرێنەوە و شەنگال و ناوچەكانی دیكە ئاوەدانبكرێنەوە.

وادیارە كارێكی ئەنقەست هەیە بۆ شێواندنی ڕاستییەكان بۆ مەرامی خۆیان لەدژی هەڵوێستە نەگۆڕ و مەبدەئییەكانی من سەبارەت بە ماف و كۆژانەكانی ئێزدییەكان.

كوڕان و كچانی ئێزدییەكان باش دەزانن كێ بەخێرایی فریایان كەوت و یارمەتیدان و كێش شكستیهێنا لە یارمەتیدانیان لە ناخۆشترین باروودۆخی مێژووی هاوچەرخی ئەواندا كە پێیداتێپەڕدەبن بەوەش پێموایە ئەوان باوەڕ بەوەناكەن كە بەرهەم ساڵح، داوای لەبیركردنی حەڵاڵكردنی خوێنی ئێزدییەكان دەكات.

PM:03:44:16/01/2017