موچەی مانگی 11 و 12ی ئەم شوێنە دابەش دەكرێت
وەزیری كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوانی هەرێم موچەی مانگی 11 و 12 كەسوكاری شەهیدانو ئەنفالكراوان دابەش دەكرێت، هەرچەندە لەكاتی خۆی دوا دەكەوێت.
مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەڵێنمان پێدراوە لەمەودوا مانگانە هاوشێوەی وەزارەتەكانی تر موچە (مینحە)ی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان دابەش بكرێت بەبێ پاشەكەوتكردنی كە پێشتر بەدوو مانگ جارێك بێ پاشەكەوتكردن بەسەریاندا دابەش دەكرا".
ناوبراو لەلێدوانێكی بۆ رۆژنامەنوسان دەڵێت "موچەی مانگی یانزە و دوانزەیان دابەش دەكرێت هەرچەندە لەكاتی خۆی دوادەكەوێت، بەڵام ئەو بەڵێنەی پێمان دراوە موچەكانیان بكرێتە مانگانە لەگەڵ دەستپێكردنی دابەشكردنی موچەی مانگی یەكی ساڵی 2017ەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".
بەوتەی مەحمود حاجی ساڵح، لە ساڵی 2016دا كەسوكاری شەهیدان حەوت موچەی تەواویان بەبێ پاشەكەوت وەرگرتوە، ئەگەر ئەم دوو موچەیەش دابەش بكرێت، ئەوكات حكومەت تەنها سێ موچەی كەسوكاری شەهیدان قەرزار دەبێت، دواتریش ئەو بڕە پارەیەی قەرزە لەسەر حكومەت هاوشێوەی موچەخۆران و فەرمانبەرانی تری حكومەت دەچێتە سەر ئەو حیسابە بانكیەی دوای تەواوبوونی سیستەمی بایۆمەتری بۆ موچەخۆر و فەرمانبەران دەكرێتەوە.
ئەم لێدوانەی وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەیەكیان هات لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری هەڵەبجە بۆ ئامادەكاریی یادكردنەوەی ساڵیادی كیمیاباران كە لە مۆنۆمێنتی یادگاریی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
PM:01:38:19/01/2017