لە بارەی پشووەوە بڕیار دەدرێت

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت ژمارەی پشووە فەرمییەكان كەمدەكرێنەوە

لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ژمارەی پشووە فەرمییەكان كەمدەكرێنەوەو ئەندامێكی ئەو لیژنەیەش وردەكاریی زیاتر لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو.

حەیدەر مولا ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە تا ئێستا هەمواركردنەوەی یاسای پشووە فەرمییەكان یەكلایی نەبۆتەوە و هەندێك لە ڕاگەیاندنەكان زانیاری هەڵە لەسەر ژمارەی پشووەكان دەدەن.

ئەو ڕەتیدەکاتەوە کە 80 ڕۆژ وەك پشوو دانرابێت و دەڵێت، تا ئێستا ڕێكەوتنی كۆتایی لەسەر دیاری كردنی ڕۆژی پشووە فەرمییەكان لە عێراق نەكراوە.

هەروەها دەڵێت پشووە فەرمییەكان كەمن و هەوڵیش بۆ كەمكردنەوەیان دەدرێت، چونكە هەر پێكهاتەیەك دەیەوێت تایبەتمەندی هەبێت و لیژنەكەشیان كار بۆ یەكخستنی پشووە نیشتمانییەكان دەكات.

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە پێشنیارمان كردووە هەندێك پشوو بگۆڕدرێت بۆ ئاهەنگ و لەكاتی دەوام بە چەند كاتژمێرێك یادی بكرێتەوە، ڕێكەوتن كراوە لەسەر ئەوەی بۆنەی "جەژنی غەدیر" بكرێتە پشووی فەرمی، بەڵام تا ئێستا ناكۆكی لەسەر دیاری كردنی پشووی ڕۆژی نیشتمانی عێراق هەیە.




PM:08:34:24/01/2017