حکومەت یەک ملیار دینار بۆ کارەبای سلێمانی دابیندەکات

لەبری پارێزگاری سلێمانی سەردار قادر رایگەیاند" حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە سلێمانی بڕی یەک ملیار دیناری تەرخان کردووە".

سەردار قادر، لەبری پارێزگاری سلێمانی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " بڕە پارەیەكیان پێویستبوو بۆ چارەسەری كێشەی محاویلەكانی كارەبای سلێمانی، لەمەخزەنەكان محاویلە نەبوو و زۆری سوتابوو و وەرشەی كارەباش فریای چاككردنی نەدەكەوت، بۆیە بڕی یەك ملیار دینار بۆ كێشەی محاویلە و سیانەی هێڵەكان لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابینكراوە".

ناوبراو " جێگری وەزیری كارەبا بڕیاریداوە لەهەفتەی ئایندەدا كۆبونەوەیەك لەسەر ئاستی پارێزگاكان بكرێت بەمەبەستی پێداچوونەوە بەبڕی دابەشكردنی كارەبای نیشتیمانی بەپێی ڕێژەی بەشداربووان".

سەردار قادر " كارمەندانی كارەبا پێشمەرگە ئاسا لەسەر خەتن و كاردەكەن و پێویستیان بەپشتگیری و هاندان هەیە، بۆیە داوای بڕێك پارەیان كرد بۆ كارمەندان".

هاوكات هۆگر شاڵی جێگری وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا ڕایگەیاند، هاوكاری هەموو شارەكان دەكەن و لەهەوڵدان بۆ زیادكردنی كارەبای نیشتیمانی، بەڵام قەیرانی دارایی دەستی گرتوون.

هێمای بۆ ئەوەشكرد، وەزارەتی كارەبا بەیەك چاو سەیری هەموو پارێزگاكانی هەرێم دەكات.

ئاشکراشی کرد، هەموو شارەكانی هەرێم كاتژمێری بڕینیان هەیە و جیاوازی نەكراوە.



PM:12:41:26/01/2017