بە فەرمی پشوو ڕاگەیەندرا

لە پەیمانگای زانستەکانی کۆمپیوتەر لە شارۆچکەی مێرگەسۆر بەهۆی بەفربارینەوە ئەمڕۆ کرا بە پشوو بەڕێوبەری پەیمانگاکەش دەڵێت گەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێت ڕەنگە هەفتەی داهاتووش بکەن بە پشووی فەرمی.

بەڕێوەبەری پەیمانگەی مێرگەسۆر بۆ زانستەكانی كۆمپیوتەر هاشم سلێمان بە ماڵپەڕی وشەی ڕاگەیاندووە "لە دوێنێوە شەپۆلێكی بەفر و باران ناوچەكانی بارزان و شارۆكەی مێرگەسۆری گرتووەتەوە، بەو هۆیەوە ڕێگەی هاتوچۆی بەشێكی قوتابییانی پەیمانگەكەمان داخراو و كۆمەڵێك لە قوتابییەكانیش بەهۆی داخرانی ڕێگە، دوێنێ نەیانتوانی بگەڕێنەوە ماڵەكانی خۆیان و لە ڕێگە گیریان خوارد".

هەروەها ڕاشیگەیاندووە " تەواوی ڕێگەكان كە لە دەرەوە دێنە مێرگەسۆر بەفر دایخستوون، بۆیە بڕیارمان دا ئەمڕۆ پێنجشەممە دەوام نەكرێ و ببێتە پشوو، ئەگەر بەفرەكە بەم ئاستە بەردەوام بێ، ڕەنگە لە هەفتەی داهاتووش نەتوانین دەوام بكەین و قوتابییان نەگەن بە پەیمانگە بۆ خوێندن."

ئاماژەی دا، مێرگەسۆر ناوچەیەكی شاخاویی و ساردە و ساڵانە بەردەوام بەفری زۆری لێ دەبارێ، بەهۆی ئەوەی زۆربەی قوتابییەكانیشمان هی دەرەوەی شارۆكەی مێرگەسۆرن، كاتێك بەفر ڕێگەكان دەگرێ، ئەوان ناتوانن بگەنە پەیمانگە و درێژە بە خوێندن بدەن تا ڕێگەكان نەكرێنەوە، ئێمەش ناچارین دەوام بوەستێنین و بیكەین بە پشو"..




PM:03:36:26/01/2017