ئەوقاف بڕیاری قەدەغەکردنی چەند شتێکی لە تەعزێدا دەرکرد

بەڕێوبەرایەتی ئەوقافی ڕاپەڕین ئاشکاریکرد پێدانی گۆشت و ئاوی خواردنەوە بە هاووڵاتیان لەكاتی پرسە قەدەغە دەكرێت و ئەمەش بە سوود وەرگرتن دەزانرێت بۆ كەم كردنەوەی بارگرانی مادی لەسەر خاوەن پرسەكە.
غەریب ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئەوقاف لە دەڤەری ڕاپەڕین بە ماڵپەڕی وشەی وتووە بەهۆی زۆری پرسە لە سنورەكە و ڕەچاوكردنی دۆخی ئابووری هاووڵاتیان بڕیارمانداوە بە قەدەغەكردنی كۆمەڵە شتێك لەو سنورە بە تایبەت شوێن گۆڕكێ‌ بە وتار خوێنانی مزگەوت و پێدانی گۆشت و ئاوی خواردنەوە بە میوانان قەدەغە كرا، چونكە بار گرانی بەسەر هاووڵاتیان دروست دەكات.
هەروەها وتشوویەتی، بڕیارەكە بە هەماهەنگی ئیدارەی ڕاپەڕین دراوە و لە بەرژەوەندی هەموو لایەكە، چونكە بەهۆی شەڕی داعشیش شەهیدێكی زۆر هەبوو لە سنورەكە نەدەكرا دەست و وەستان بین خەڵكی جگە لە پرسە خەرجیەكی زۆری بكەوێتە سەر.
ئەمەش لە کاتێکدا دێت هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بڕیاری كەم كردنەوەی ڕۆژەكانی پرسەی دا لە سێ‌ ڕۆژ بۆ دوو ڕۆژ وەكو كار ئاسانیەك بۆ هاووڵاتیان.


PM:09:04:08/02/2017