بەهۆی بەفربارینەوە ئەم رێگا بازرگانیەی هەرێم بۆ چەند رۆژێک راگیرا

بەهۆی شەپۆلی بەفر بارین و شەختەوە، ڕێگای بازرگانی  نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران لە مەرزی حاجی ئۆمەران راگیراو پێشبینی دەکرێت تا یەک شەممە بەردەوام بێت.

 مەغدید عەریف محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دوو رۆژە شەپۆلێكی سەرما و بەفربارین سنوری حاجی ئۆمەرانی گرتووەتەوە و بەو هۆیەشەوە ماوەی دوو رۆژە جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزی حاجی ئۆمەران پەكیكەوتووە".
بەڕێوەبەری ناحیەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هەرچەندە تیمەكانی راماڵین بەردەوام خەریكی پاككردنەوەی شەقامی سەرەكین، بەڵام ئەو شەپۆلەی دوێنێ شەو دیسان كاریگەری هەبوو لەسەر وەستانی جموجوڵی بازرگانی.

مەغدید عەریف ئەحمەد بەئاژانسی ئەنادۆڵی وتوە "لە سنوورەكەی ئێمە تیمەكان بەردەوامن، بەڵام لەڕووی ئێرانەوە پێدەچێت پڕۆسەی پاككردنەوەی رێگا سەرەكییەكان سەختتر بێت بەهۆی ئەوەی لە رووی ئێران زیاتر بەفر باریوە بۆیە جموجوڵی بازرگانی و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر وەستاوە".

سەبارەت بە پێشبینییەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی جموجوڵی بازرگانی، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران وتی "پێشبینی دەكەین رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، جموجوڵی بازرگانی دەستپێبكاتەوە ئەگەر شەپۆلی دیكەی بەفربارین ناوچەكەمان نەگرێتەوە".

بەپێی قسەی بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، شەوی رابردوو نزیكەی 30 سانتیمەتر بەفر لەو ناوچەیە باریوە و لە ئێستاشدا تیمەكانی راماڵینی بەفر خەریكی پاككردنەوەی شەقامە سەرەكییەكەی حاجی ئۆمەرانن.

مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، سنووری كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و بە دووری 183 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەولێر، لە ساڵی 2008 بە شێوەیەكی فەرمیی بووەتە مەرزی نێودەوڵەتی. 



PM:02:33:16/02/2017