ئەو فەرمانبەرانەی دەستكاری پاشكەوتی موچەكانیان دەكرێت پلەكانیان راگەیەنرا
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم پلانی ئەوەی هەیە پاشەكەوت لەسەر موچەی ئەو فەرمانبەرانە نەهێڵێت كە موچەكانیان لە خوار 500 هەزار دینارەوەیە.
مەدینە شەرنەخی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە رونكردنەوەی زیاتری بە ماڵپەڕی فەرمی فەرمی پارتی داوە و وتویەتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان خەریكی كاركردنە لە سیستمی كەمكردنەوەی رێژەی پاشەكەوت لە موچەی فەرمانبەراندا، بەڵام تا ئێستا كەمكردنەوەی رێژەی پاشەكەوت بە تەواوەتی دیاری نەكراوە، چونكە حكومەت دەیەوێت بەپێی ئەو داهاتەی دێتە بەردەستی، پێداچوونەوە بە رێژەی پاشەكەوتدا بكات، واتا چەندی پارە هەیە دابەشی دەكات بەسەر فەرمانبەرانیدا."
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، ئەو فەرمانبەرانەی موچەكانیان كەمە، بۆ نموونە ئەوانەی موچەكانیان 400 هەزار دینار بێت یان 500 هەزار دینار، حكومەت دەیەوێت وەك خۆی لێبكاتەوە و پاشەكەوتی تێدا نەكرێت، بەڵام ئەوانەی موچەكانیان لەسەرووی 500 هەزار دینارەوەیە، دەستكاری دەكرێت و بەپێی زۆریی مووچەكە پاشەكەوتی لێ دەكرێت، بەتایبەتی پلە باڵاكان، رێژەیەكی كەمی پاشەكەوتی لێ كەمدەكرێتەوە.
مەدینە شرنەخی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەبەر سوكبوونی بارگرانی هاتنی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستانیش دەڵێت "ئێستا خەریكە ئەو بارگرانییە وەك پێشتر نامێنێت". راشیگەیاندوە بە پرۆسەی چاكسازی و بچوكردنەوەی هەیكەلی حكومەت و هەموو ئەو پلانانەی حكومەت لەبەردەستیەتی، ئەمساڵ رەوشی دارایی هەرێم زۆر باشتر دەبێت لە ساڵانی رابردوو.
PM:12:52:20/02/2017