وتەبێژی حكومەت: خەریكی پێداچوونەوەین بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچە

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند  پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی موچە دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك سەرقاڵی لێكۆڵینەوە و پێداچوونەوەیە.

سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ 22/2  لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی رایگەیاند: حكومەت سەرقاڵی لێكۆڵینەوە و پێداچوونەوەیە بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچە، بەڵام جارێ هیچ بڕیارێک نەدراوە و تەنها دیراسەکراوە".

وتیشی: لە سەرەتای ساڵی 2016 دا بڕیاری پاشەکەوتكردنی مووچە بڕیارێکی زەحمەت بوو، ئێستاش وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرقاڵی پلانێکن بۆ پێداچوونەوە بە پاشەکەوتی مووچە، هەر بڕیارێكیش بدرێت هەوڵدەدرێت لە بەرژەوەندی مووچەخۆران بێت.

بەپێی قسەكانی سەفین دزەیی دەستكاریكردنە لەسەر سێ خاڵ دەوەستێت: ئەو داهاتەی حكومەت دەستیدەكەوێت، كاتی گەیشتنی داهاتەكە و ئەو پێشنیازانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی و لیژنەكان بۆ پێداچوونەوە پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێن. گوتیشی "خواستی حكومەت ئەوەیە مووچە لەكاتی خۆیدا بدات، ئەوەی تاوەكو ئێستاش كراوە بە خواستی حكومەت نەبووە و بەناچاری بووە".



PM:12:56:22/02/2017