ئەو پێشمەرگەیەی سەرو برۆی تاشرا كێشەیەكی دیكەشی بۆ دروستكرا
ئەو پێشمەرگەیەی لە بازگەیەكی هەولێر قژ و برۆی تاشرا لە خزمەتی پێشمەرگایەتی فەسڵ كرا و لە مانگی یانزەی ساڵی پارەوە مووچەكەی ڕاگیراوە.
هێمن عەبدولخالق، پێشمەرگەیەكی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە، 26/7/2016 لە لایەن چەند كەسێكەوە لە بازگەی پردێی هەولێر قژ و برۆی تاشرا و دواتر ماڵەكەی گواستەوە شاری سلێمانی و وەزارەتی پێشمەرگەش ڕاژەكەی بۆ لیوای 5ـی پیشمەرگە لە خانەقین گواستەوە، بەڵام ناوبراو نەچووە بۆ دەوام و وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت هەر پێشمەرگەیەك 15 ڕۆژ دەوام نەكات فەسڵ دەكرێت و لە مانگی 11ـی ساڵی پاریشەوە مووچەكەی ڕاگیراوە، ئەمە لە كاتێكدا پێشتر لە وەزارەتی پێشمەرگە لیژنە لەسەر ئەو پێشمەرگەیە پێك هێنرا، بەڵام تا ئێستا ئەو لیژنەیە هیچ دەرئەنجامێكیان ڕانەگەیاندووە.
هێمن عەبدولخالق، بە رۆژنامەی ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، سكاڵای لەسەر مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم و بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر و كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ لە دادگای سلێمانی تۆمار كردووە.
ئەو وتی: ״لە مانگی یانزەوە مووچەم وەرنەگرتووە، ویستیان بمنێرن بۆ خانەقین و ترسم هەبووە زیانم پێ بگەیەنن، منیش نەچووم، ئێستا دۆسیەكەم بۆ پەرلەمانی عێراق بەرز كردووەتەوە.״
دهربارهی ئەنجامی ئەو لیژنەیەی لە وەزارەت لەسەری پێک هێنراوە سەبارەت بە كەیسی تاشینی قژ و برۆی، هێمن ئاشكرای كرد كاری لیژنەكە وەستاوە و هیچ بەرەوپێشچوونێك نەبووە.
بە پێی یاسای وەزارەتی پێشمەرگە، هەر پێشمەرگەیەك ماوەی 15 ڕۆژ دەوام نەكات فەسڵ دەكرێت، لەبەر ئەوەی هێمن عەبدولخالقیش دەوامی نەكردووە مووچەكەی ڕاگیراوە و لە مانگی 11ـوە وەری نەگرتووە و فەسڵ كراوە.
لەمبارەیەوە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: ״لە ڕووی یاساییەوە و بە پێی دیسپلینی وەزارەت ئەو كەسەی لە وەحدەیەك بۆ وەحدەیەكی تر گوازرابێتەوە و نەچووبێت بە پێی یاسای پێشمەرگایەتی 15 ڕۆژ دەوام نەكات فەسڵ دەكرێت״.
PM:03:21:01/03/2017