قاسم شەشۆ: ئەوەی پەکەکە کردوویەتی قبوڵ ناکرێت

قاسم شەشۆ، فەرماندەی کوردی ئێزدی لە شنگال (پارتی) ڕایگەیاند پێویستە پەکەکە لە شنگال بکشێتەوە و ئەگەر لەو ناوچەیەدا بمێنێتەوە، ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەبێت.

قاسم شەشۆ، فەرماندەی کوردی ئێزدی لە شنگال بە ماڵپەڕی باسی نزیک لە پارتی ڕاگەیاندووە ”ئێمە پەیوەندیمان بە بەرپرسانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) یان پەکەکە کردووە، شەڕ نەکەن و دەست لە دروستکردنی ئاڵۆزی بەردەن".

هەروەها دەڵێت ”شەنگال خاکی پەکەکە نییە و پێویستە لە زووترین کاتدا شنگال چۆڵ بکەن، خەڵکی شنگال ڕازی نابن ئیدی پەکەکە لە دەڤەرەکەدا بمێننەوە، ئەوەی پەکەکە کردوویەتی قەبوڵ ناکرێت".

هەروەها وتیشی ”پەکەکە دەیەوێت شنگال خراپ بکات و نایانەوێت هاوکاریی شنگال بکەن". دووپاتیشی کردەوە: ”ئەوەی پەکەکە دەیکات، دەستی دەرەکی لە پشتەوەیە و شنگال نابێتە گۆڕەپانی شەڕی براکوژی، تا پەکەکە لە شنگال بمێنێت، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیە پێویستە شنگال چۆڵ بکەن".

ئەم وتانەش لە کاتێکدا دێت ئەمڕۆ شەڕ لەنێوان هێزەکانی بەرخۆدانی شەنگال و هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ ڕوویدا و وەزارەرت پێشمەرگەش لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند لە کاتى جێگۆڕکێی هێزەکانى پێشمەرگەدا گروپێکى سەر بە پەکەکە ڕێگەیان لێگرتوون و تەقەیان لێکردون.، لە بەرامبەردا زەردەشت شنگالى فەرماندەى یەکینەکانى بەرخۆدانى شەنگال ڕایگەیاند "ئەو هێزەى پێشمەرگەى ڕۆژ کە هاتووەتە ناو شەنگال لەلایەن ئەنقەرەوە پەروەردە کراون و لە دژى بەرژەوەندى گەلى کورد بە کار دەهێنرێن".




PM:02:33:03/03/2017