14 ژنی ڕۆژھەڵاتی کوردستان 100 ساڵ زیندانی دەکرێن

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، 25 ژنی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتڵاعات و ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و ئێستا 23 ژنی کورد بە تۆمەتی سیاسی لە گرتووخانەکانی ئێراندا ڕاگیراون.

بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی هەنگاو، لەو ڕێژەیە دوو کەسیان حوکمی زیندانی ھەتاھەتاییان بەسەردا سەپێندراوە و 14 ژن و کچی کوردیش سەرجەم بە 105 ساڵ و شەش مانگ زیندانی، سزا دراون.

ھەروەھا حەوت ژن و کچی کورد ئێستا لە گرتووخانەکانی ئێران ڕاگیراون و ھیچ حوکمێکیان بەسەردا نەسەپاوە و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی راپۆرتەكە  لەماوەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی 2016 ھەتا مارسی 2017) لە ڕۆژھەلاتی کوردستان حەوت ژنی کورد لەلایەن دادگاکانی حکومەتی ئێران سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو حەوت ژنە کوردە سەرجەم بە 102 مانگ زیندان و ھەروەھا 24 مانگ زیندانی ھەڵپەسێردراو مەحکووم کراون.

ھەروەھا، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 25 ژنی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، کە جگە لە پێنج کەسیان، ھەموویان یان لەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵیان بێ بەری کراون و یان بە شێوەیەکی کاتی و بەدانانی بارمتە ئازاد کراون.




AM:11:37:08/03/2017