"مەترسییەكی نوێ هەڕەشە لەهەرێمی كوردستان دەكات"
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایدەگەیەنێت: مادە هۆشبەرەكان پرسێكی جدییە و ناكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسیەكان چاویان لە ئاستیدا بنووقێنن.
دكتۆرسامان سیوەیلی؛ وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لە ئەكاونتی خۆی ڕیگەیاندووە، ماددە هۆشبەرەكان هەڕەشەی جدین، ئەگەر بەئاگا نەبین ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەنفالی سپی لەڕێی هەناردەكردنی بڕی زۆر و چەندین جۆری مادەهۆشبەرەكان لەو دیو سنوورەكانەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەتوانێت كۆمەڵگەی كوردی لەبەریەك هەڵبوەشێنێت، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشە گەورەیەش هەنگاوی بوێرانە و پلانی تۆكمە و دامەزراندنی دەزگای پرۆفیشناڵ و خاوەن ئیمكاناتی گەورە و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە لەڕێی پرۆسەی پەروەردە و مزگەوت و میدیا و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هەمواركردنەوەی دەقە یاساییەكانی تایبەت بەمبوارەی دەوێت.
دەشڵێت، ئەگەر پرسی مادەهۆشبەرەكان لەوڵاتێكی وەكو ئەفغانستان پرسێكی بازرگانی بێت، لە وڵاتانی ئەوروپا وەكو پرسێكی كولتوری تەماشای بكرێت، ئەوا هەناردەكردنی بڕی زۆر لەو مادانە لەناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستانەوە لەلایەن دوژمنانەوە دەبێت وەكو پرسێكی سیاسی تەماشا بكرێت، ئێستا و ئاییندەی نەوەكانمان بەتایبەتی گەنجانمان لەژێر هەڕەشەی گەورەدایە.
دكتۆرسامان سیوەیلی وتیشی"بڵاوبوونەوەی مادەهۆشبەرەكان لەهەر كۆمەڵگەیەكدا دەكاتە بڵاوبوونەوەی جۆرەها تاوان و دەیان پەتای كۆمەڵایەتی وەك لەشفرۆشی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و ئالوودەبوونی بەكارهێنەرانی ئەو مادانە و بڵاوبوونەوەی دەیان جۆری نەخۆشی جەستەیی و هەناوی و دەروونی و زیادبوونی كاری سیخوڕی كردن بۆ دوژمنان و دروستبوونی هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر ئاساییشی نەتەوەییمان و داڕمانی تەواوی ئابوری هەرێمی كوردستان".
ئەو دەروونناسە دەشڵێت، لێرەوە بانگەواز دەكەم بۆ دامودەزگا پەیوەنددارەكانی حكومەتی هەرێم و مامۆستایانی ئایینی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگا میدیاییەكان بەتایبەتی میدیای بینراو و لایەنە سیاسیەكان، كە هەمووان بێنە سەرخەت و هەموومان لەو ڕاستیە تێبگەین كە بەو شێوازەی هەتا ئێستا ڕووبەڕووی بڵاوبوونەوەی مادەهۆشبەرەكان بووینەتەوە لەهەرێمی كوردستان نەك هەر نەماتوانیوە مەترسیەكان كەم بكەینەوە بەڵكو ساڵ دوای ساڵ مەترسیەكان زیاتر دەبن.
PM:01:57:11/03/2017