یەكگرتوو ئەردۆغان بە شۆڤینی ناولێدەبات
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتو لەپەرلەمانی كوردستان ئەردۆغان بە "شۆڤێنی" ناودەبات و هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنەكانیش لەگەڵ توركیا بە ئاسایی وەسف دەكات.
ئەبوبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان لەڕێگەی وتارێكەوە كە لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە نوسیویەتی "دەزانم ئەم خۆ سەغڵەتكردنە لەڕادەبەدەرەت بۆ هەڵكردنی ئاڵا لەكەركوك بۆ كۆكردنەوەی مشتێ بەڵێیە بۆ ڕاپرسی لەسەر دەستورەكەت و خولیای سیستمە سەرۆكایەتیەكەت، وەلێ بەهەڵەدا چوی مێژووت باش نەخوێندۆتەوە".
هەڵەدنی دەڵێت "ئەو ئاڵایە كە ڕەنگێكی سورە بەخوێنی دەیان هەزار ڕۆڵەی كوردی بەئەمەك ئاودراوە بۆ ڕەتكردنەوەی سیاسەتی شۆڤێنیانەی تۆ ئاساكان".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ناوەرۆكی وتارەكەیدا بۆ ئەردۆغان دەنوسێت "چیت پێداوین بۆخۆت، بۆری نەوت و ڕێكەوتنی ٥٠ ساڵەو بنكەی سەربازیی و دۆشاوی ئاڵتون ساكەت بەرەو بڕۆ، بەڵام بەهیچ جۆرێ دەستبەرداری ئازادی و ئاڵاكەمان نابین كە لەسەرسنگی كوڕوكچە چەلەنگەكانمان چەقێنراوە".
وتارەكەی ئەبوبەكر هەڵەدنی وەڵامی توندی تێدایە بۆ ئەردۆغان و دەڵێت "ئەوە ئێمەی گەلین بڕیار لەسەر چارەنوسمان دەدەین نەك تۆی سیخناخ بەنەعرەتەی شۆڤێنی، ئێمەیەك نە سوخرەكێشی عەجەم و نەمەحكومی ئالی عوسمانین، تا هەڕەشەو گوڕەشەكانت ساردمانكاتەوە كە ئاڵا ڕەنگاو ڕەنگەكەمان كە بۆنكڕوزی نیشتیمانی سوتماككراوی لێدێت تاكوێ و لەكوێ دادە چەقێنین".
ڕۆژی چواری نیسانی ٢٠١٧ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی لەهەرێمی كوردستان كردو ڕایگەیاند "ئەگەر ئاڵاكەتان دانەگرن، باجی قورس دەدەن".
PM:03:10:05/04/2017