بەپەلە...هێرشكرایە سەر چاڤی

لە ڕاگەیەنراوێكدا كە كۆمپانیای چاڤی بڵاویكردۆتەوە ڕایدەگەیەنێت "ژمارەیەك چەكداری سكرتاریەتی یەكێتی هێرشیانكردۆتە سەر چاڤیلاند و دەستیان بەسەر كۆمەڵێك ئۆتۆمبێلی گەورەی بیناسازیدا گرتووە".

لە ڕاگەیەنراوەكەدا كە وێنەیەكی بۆ سپی نێردراوە هاتووە "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە  (٢٠١٧/٤/٦) كۆمەڵێك چەكدار كە خۆیان ناساندوە وەك چەكداری سەر بە سكرتاریەتی یەكێتی و لە لایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە نێردراون، هەڵیانكوتایە سەر پرۆژەی چاڤیلاند و بە بیانوی زیادەڕۆیی دەستیان گرتوە بە سەر كۆمەڵێك ئوتومبێلی گەورەی بیناسازی كۆمپانیاكەماندا كە خەریكی كاركردنبوون لەنێو پرۆژەكانی چاڤیلاندا."

هەروەها دەڵێت "ئەو چەكدارانە بە مەبەست هاتون و هیچ پەیوەندییەكی نییە بەزیادەڕۆییەوە، چونكە ئەو زەویەی كە كاری لەسەر دەكرێت مۆڵكی سرفی كۆمپانیایە و مۆڵەتی وەبەرهێنان و مۆڵەتی كاركردنی هەیە و هەموو بەڵگەنامە یاساییەكانی تەواوە".

هەروەها لە ڕونكردنەوەكەدا هاتووە "ئەم ڕێگرییەی ئەو چەكدارانە پەیوەندی بە كێشەی ترەوە هەیە، ئەویش ئەوەیە كۆمپانیایەك كە ناوی شانازی خوشكی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیان بەكارهێناوە ٧٠٠٠ مەتر دوجا زەوی كۆمپانیای چاڤیان داگیركردوە و داوایانكردوە كە كۆمپانیای چاڤی دەستبەرداری ئەو زەویە بێت بە خۆرایی و بێ بەرامبەر لە كاتێكدا كە زەویەكە موڵكی سرفی كۆمپانیایە و تاپۆی هەیە".

هەروەها ئەوەشی ئاشكراكردوە كە "ئەو كۆمپانیایە كە بە ناوی شاناز ئیبراهیمەوە قسەیان كردوە وتویانە ئەگەر ئەو زەویەمان نەدەنێ ئەوا ڕێگە لە كۆمپانیای چاڤی دەگرین و ئیشوكارتان رادەگرین".

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەی كۆمپانیای چاڤیدا هاتووە "لەبەرامبەر ئەم كارەی چەكدارەكانی سكرتارییەتی یەكێتی و بڕیاری ناردنی هێز لە لایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە، وەكو كۆمپانیای چاڤی داوای یاساییمان لەسەر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تۆماركردوە بە تۆمەتی ناردنی هێز و جوڵاندنی هێز لە دەرەوەی یاسا و فەرمانگە رەسمییەكانی هەرێمی كوردستان."




PM:03:39:06/04/2017