کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە دوێنی لە سلێمانی سازکرا بە کۆبوونەوەیەکی باش وەسف دەکرێت، بەڵام راگەیاندراوێکی "خراپی دەکرد".
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند "کۆبوونەوەی دوێنیی مەکتەبی سیاسی یەکێک بووە لە کۆبوونەوە باشەکان کە پرسەکانی تێدا زۆر بەڕاشکاوانە باسکراوە، بەڵام ئەو راگەیاندنەی دوای کۆبوونەوەکە دەرکراوە کەسێک دایڕشتووەو گوزارشت لەو کۆبوونەوە باشە ناکات".
سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا ئەو لیژنەیە هەڵوەشێنراوەتەوە کە لە کۆبوونەوەی پێشوودا بۆ سزادانی ئەو کادیران دروستکرابوون کە ڕای جیاوازیان هەیەو لە میدیاکانەوە لێدوانی رۆژنامەوانی بڵاودەکەنەوە.
سەبارەت بە بڕیاری ئەو سزایانەی کە لە کۆبوونەوەکەی پێشوودا بەرامبەر ژمارەیەک کادیر دەرکرابوون، لە کۆبوونەوەی دوێنێی مەکتەبی سیاسی هەڵوەشێنراوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانە لە کۆبوونەوەکەدا زۆرێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە دەبێت نەخشە رێگای یەکێتی بۆ چارەسەری بارودۆخی کوردستان بکرێتە بنەمای هەر گفتوگۆیەک کە لەگەڵ پارتی دەکرێت، بە پێچەوانەی کۆبوونەوەکانی پێشوو کە لەسەر داوای پارتی پرسی ریفراندۆم کراوە بنەمای کۆبوونەوەکان.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، هێشتا مەرەکەبی کۆنووسی کۆبوونەوەکە تەواو نەبوو بوو، جارێکی تر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی " تەفەرودی" کردەوە بە دەرکردنی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسییەوەو راگەیاندنێکی دەرکردووە کە زۆر دوور بووە لە ناوەرۆکی ئەو کۆبوونەوە باشەوە، سەرچاوەکە دەڵێت" ئەو راگەیاندراوە لە خزمەتی پارتی و بۆ پارتی دەرکراوە".
سپی زانیوویەتی رۆژی یەک شەممەی داهاتووە جارێکی تر مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە.
لە ماوەی رابردوودا دوو کۆبوونەوە لەنێوان پارتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سازکراوەو باسی پرسی ریفراندۆم کراوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەکانی زۆری لە نێو ژمارەیەکی بەرچاو ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی دروستکردووە، ئەوان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێت " نەخشە رێگای یەکێتی" بکرێتە بنەمای گفتوگۆکردن.