وەزارەتی ئەوقاف لەسەر مەلا عەلی كەڵەك هاتەدەنگ
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقافو كاروباری ئاینی دەڵێت مەلا عەلی كەڵك هیچ پەیوەندییەكی بەو وەزارەتەوە نیەو چیتر مەلا نیە.
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پێوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بە "وشە"ی راگەیاندوە، ئێمە لە كابینەی چواری حكوومەتی هەرێمەوە مەلا عەلیمان فەسڵ كردووە و هیچ پێوەندییەكی بە وەزارەتی ئەوقافەوە نەماوە.
وتیشی: ساڵی 2000 ئیمام و خەتیب بوو لە مزگەوتێكی كەڵەك و لەو كاتەوە ماوەی 17 ساڵە بەتەواوەتی لە وەزارەتی ئەوقاف دوور كەوتووەتەوە و هیچ پلەیەكی ئاینی نییە و بەهیچ شێوەیەك مەلا نییە.
بەپیی لێدوانی نەقشبەندی، مەلا عەلی كەڵەك هیچ بڕوانامایەكی لە وەزارەتی ئەوقافەوە وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی پێشناوی مەلا وەربگرێت و دەڵێ، بۆ ئەوەی كەسێك ببێت بە مەلا، كۆمەڵێك پێوەر هەیە و دەبێ لە تاقیكردنەوە دەربچێت، بەڵام مەلا عەلی هیچ یەك لەو پێوەرانەی تیادا نییە و لە هیچ شوێنێكی ئەوقاف بڕوانامەی وەرنەگرتووە.
دووپاتی دەكاتەوە، وەك ئەو كەسانەی بەبێ بڕوانامەی ئاینی دەبن بە بانگخواز، ئەویش لەو چوارچێوەیەدا ئیستغلالی ئەوەی كردووە كە خەڵك پشت دەبەستێت بە بابەتە ئاینییەكان، ئەویش بابەتی ئاینیی تێكەڵ كردووە بە بابەتی تەندروستی و بەمانە بەردەوام كێشەی بۆ ئێمە دروست دەكرد و كاتی خۆی لە وەزارەت فەسڵمان كرد و لەو كاتەوە لە كۆڵ خۆمان كردووەتەوە.
مەلا عەلی لە شارەدێی كەڵەكی سەر بە هەولێر لەناو ماڵەكەی خۆیدا بەناوی پزیشكی نەبەوی كلینیكێكی كردووەتەوە و رێنوێنیی تەندروستی بە هاووڵاتییان دەدات، بە گوتەی خۆی دەتوانێت چارەسەری سەرجەم نەخۆشییەكانی ئەو دنیایە بكات.
PM:02:46:04/05/2017