پارتی: بەم مەرجە بارزانی سەردانی نەوشیروان موستەفا دەكات

وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ئاشكرایدەكات بارزانی بە مەرج ئامادەیە سەردانی نەوشیروان موستەفا بكات و ڕاشیدەگەیەنێت "لە ئێستادا بارزانی بەدیلی نیە".

لە چاوپێكەوتنێكی ماڵپەڕی خەڵك لەگەڵ عەتا شێخ حەسەن وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە، لەبارەی پۆستی سەرۆكی هەرێم ڕایدەگەیەنێت "لە ڕوانگەی زەرورەتی قۆناغەكە و كارامەیی بارزانی لەنێو پارتی و حیزبەكانی تریشدا بەدیلی نیە".

عەتا شێخ حەسەن، باس لەوە دەكات بارزانی ئامادەیە سەردانی تاك بەتاكی هەرێمی كوردستان بكات بەمەرجێك ئەو كەس و لایەنە خۆی حیزبەكەی لە خزمەت پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستاندا بێت، هەروەها دەڵێت "ئەركی سەركردە سیاسیەكانە لەدەوری پەیامەكە نەتەوەییەكەی بارزانی كۆببنەوە كە بۆ پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بەرزی كردۆتەوە".

وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ڕایشیگەیاند "ئەگەر نەوشیروان موستەفا پشتگیری پەیامەكەی بارزانی بكات ئەوا مەسعود بارزانی ئامادەیە سەردانی بكات".



PM:09:34:05/05/2017