نوێترین زانیاریی لەسەر موچە پاشكەوتكراوەكانی فەرمانبەران بڵاودەبێتەوە
وەزارەتی داراییو ئابوریی هەرێم داوای لەسەرجەم وەزارەتو دامەزراوەكان كردوە لیستی موچە پاشكەوتكراوەكانی فەرمانبەران ئامادە بكەن.
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی باس، بەپێی لیستێکی تایبەتی مووچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران، وەزارەتی دارایی لەو لیستەیەدا داوای لە وەزارەت و دامەزراوەکان کردووە، زانیاری سەبارەت بە مووچە پاشەکەوتکراوەکان لەبارەی ھەر فەرمانبەرێکەوە ئامادە بکەن.
بەپێی لیستەکە، دەبێت بڕی مووچەی ھەر فەرمانبەرێک دیاری بکرێت، بەتایبەت مووچەی پاش پاشەکەوتکردن لەگەڵ دیارکردنی بڕی مووچەی پاشەکەوتکراو.
وەکوو لە لیستەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، دەبێت بۆ ھەر 12 مانگی ساڵی 2016 بەجیا بڕی پاشەکەوتکراوی مووچە دیار بکرێت و لە کۆتاییشدا کۆی گشتیی بڕی پاشەکەوتەکە دیار بکرێت.
عوسمان ساڵح، بەڕێوەبەری گەنجینەی ھەرێم بە رۆژنامەكەی وتووە: ”مووچە پاشەکەوتکراوەکانی ھەر وەزارەتێک لە لای ئێمە تۆمار کراوە، بۆ نموونە مووچە پاشەکەوتکراوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بە یەک قەیدی ژمێریاری تۆمار کردووە، ھەر کاتێک حکوومەت رەزامەندی دا بە خەرجکردنەوەی ئەو پاشەکەوتانە، ئەوا لە لای ئێمە تۆمارە و کێشەی نییە".
ئاماژەی بەوەش دا، کە تا ئێستا فەرمانبەر بە فەرمانبەر خشتە و لیستی تایبەت بە مووچە پاشەکەوتکراوەکان لای ئەوان نییە، گوتیشی: ”ھەر کاتێک حکوومەت بیەوێت مووچە پاشەکەوتکراوەکان خەرج بکات، ئەوا لە ماوەیەکی کەمدا کارەکە دەکرێت و پاشان لە رێگەی ژمێریاریی فەرمانگەکان ھاوئاھەنگی دەکرێت بۆ دیاریکردنی بڕی پاشەکەوتی ھەر فەرمانبەرێک".
٧٢١ ھەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازی میلاکی حکوومەتن، بەڵام بەگشتی ملیۆنێک و 400 ھەزار کەس مووچە لە حکوومەت وەردەگرن.
بەڕێوەبەری گەنجینە جەخت دەکاتەوە، لە زۆر بۆنەدا بەرپرسانی وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندوون، ھەر کات داھاتی حکوومەت زیاد بکات، مووچە پاشەکەوتکراوەکان بە فەرمانبەران دەدرێتەوە.
بەپێی بەدواداچوونی (باس)، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی 8 ترلیۆن دینار پارەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان قەرزارە.
بەپێی بەدواداچوونەکە ٤ مووچەی تەواوی ساڵی 2015 لای حکوومەتە، لەگەڵ مووچە پاشەکەوتکراوەکانی ساڵی 2016.
رۆژی 3ی شوباتی 2016، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کورستان بڕیاری لە پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دا، کە پاشەکەوتکردنەکە لە 15% دەست پێ دەکات تا 75%.
لەمبارەیەوە مەولود باوەموراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاندبوو، دەستکاریکردنی مووچە و مەسەلەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان بەستراوەتەوە بە تەواوبوونی سیستەمی بایۆمەتری.
بڕیار وایە لە مانگی 6ی ئەمساڵدا مووچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر بنەمای سیستەمی بایۆمەتری بدرێت و پاشانیش لە مانگی 8 مووچەی ھەموو فەرمانبەران لە رێگەی ئەو سیستەمەوە دابەش بکرێ.
AM:10:59:09/05/2017