پۆلیسی سلێمانی وەڵامی تۆمەتەكانی حەیدەر عەبادی دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت "كوشتنی جێگری بەرێوەبەری كۆمپانیای گازی باكور هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نیە".
سایتی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی لە زاری نەوزاد عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە "ئەو قسانەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی تیرۆكردنی یونس محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای گازی باكور و تێوەگلانی چەند كارمەندێكمان رەتدەكەینەوە و ئەو رووداوە هیچ پەیوەندییەكی بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانییەوە نییە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەكات هەركارێك ئەنجامی بدەن لە دەرەوەی سنووری پارێزگای سلێمانی، دەبێ لەسەر بڕیاری حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس لە هەولێر دەربچێت و ڕایگەیاند "ئێمە ئیشمان بە كەركوك نەبووە هەتا فەرمانی گرتن یان تۆمەتی كوشتن بخرێتە سەر كارمەندەكانمان".
رۆژی 2 ئایاری 2017، محەمەد یونس لەنزیك بازگەی حوزەیران لە شاری كەركوك تەقەی لێكراوە و لە ئاكامدا خۆی و پاسەوانەكەی كوژران، ئەمڕۆش حەیدەر عەبادی لە كۆنفرانسێكی هەواڵیدا ڕایگەیاند "بەپێی لێكۆڵینەوەكان لە وەزارەتی ناوخۆ، محەمەد یونس جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای گازی باكوور لەلایەن چەند كارمەندێكی پۆلیسی سلێمانییەوە كوژراوە".