لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کاردانەوەی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بەردەوامە و بۆ یەکەمجاریش وێنەیەکی دەگمەنی ئەو سەرکردەیە بڵاودەکرێتەوە.
بۆ یەکەمجار سەرتاشەکەی نەوشێروان مستەفا چەند وێنەیەکی ناوبراوی بڵاوکردۆتەوە لەو کاتەدا کە قژی نەوشیروان مستەفا دەبڕێت.
نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.
لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.
لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە.