ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لەسەر پرسی ئەو رێکەوتنە نەوتی و بازرگانییەی لەگەڵ کۆمپانیان رۆس نەفتی رووسیدا ئەنجامیان داوە، کۆدەبیتەوە.
ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک ئاشکرایکردووە کە سبەینێ ٦ ی حوزەیران ۲٠۱۷ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ۲۹ سازدەکرێت.
وتووشیەتی " کارنامەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ڕوسیا و بەشدارییان لە کۆڕبەندی ئابووری سان پترسبۆرگ، و ڕوونکردنەوەی ئەو ڕێکەوتننامانەی لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای روسنەفتی ڕوسی لە بواری نەوت ئیمزاکراون".
ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە فراکسیۆنەکانی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمان کوردستان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکردو دژی ئەو رێککەوتنە وەستانەوە، هاوکات دەنگێکی زۆر ناڕازی لەسەر ئەو رێککەوتنە لەنێو سەرکردایەتی و کەوادیری ناوەندی یەکێتیدا نەدیدەکرێت.
ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، له شاری سان پترسبۆرگی ڕوسیا ڕێککەوتنێکی نەوتی لەنێوان حكومهتی ههرێمی كوردستان و كۆمپانیای روسنهفتی ڕووسیدا به ئامادهبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵهبانی جێگرەکەی ئیمزاکرا و ڕێککەوتنەکەش کاردانەوەی لایەنەکانی لێکەوتەوە.