بەشێك لەگۆڕستانێكی شاری سلێمانی لەناودەبرێت
لەراگەیەنراوێكدا شارەوانی سلێمانی داوا لەكەسوكاری زیاتر لە 250 كۆچكردو دەكات كە لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هێندی نێژراون، تا تەرمەكانیان بگوازنەوە.
یوسف یاسین، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی لە راگەیەنراوەكەدا ئاگاداری ئەو خانەوادانە دەكاتەوە كە كەسوكاریان لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هندی ناشتووە و كەوتووەتە بەشی سەرەوەی گۆرستانەكە و رووی لەشاخی گۆیژەیە لە ماوەی مانگێكدا سەردانی شارەوانی سلێمانی بكەن بەمەبەستی گواستنەوەی تەرمەكەیان.
سەرۆكی شارەوانی ئاماژەی بەوەداوە "ئەو گۆڕانەی بەر پرۆژەی پردی كۆبانێ دەكەون 128 گۆڕییان ناونیشانیان لەسەرە و 130 گۆڕی تریشیان ناونیشانیان لەسەر نییە و منداڵ و گەورەی تێدایە، دەبێت لەماوەی مانگێكدا خانەوادەكانیان تەرمەكانیان بگوازنەوە ئەگینا خۆمان دەیانگوازینەوە، چونكە تێچووی گواستنەوەی گۆڕەكانیش لە ئەستۆی شارەوانی سلێمانییە".
لە رۆژی 3ی ئازاری 2016، لەدوای تەواوبوونی یەكەم قۆناغی، بەشێك لە بەرزە پردی كۆبانێ لە رێوڕەسمێكدا كرایەوە، دواتر ماوەیەكی زۆر كاركردن لە پڕۆژەكە وەستا و لە چەند رۆژی ئایندەدا عومەر قەڵادزێیی لە بری پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، كە كاركردن لە بەرزە پردی كۆبانێ و دەباشان دەستپێدەكاتەوە
PM:11:13:05/06/2017