نامەیەكی بەپەلە ئاڕاستەی بارزانی دەكرێت

فراكسیۆنی پارتی لەنامەیەكدا داوا لەمەسعود بارزانی دەكات مزگێنی ڕۆژێكی مێژویی ڕابگەیەنێت و ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاریبكات.

ئامینە زكری، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەنامەیەكدا كە ئاراستەی مەسعود بارزانی كردوە نوسیویەتی "لەكۆبونەوەتان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاریبكەن، گەلی كوردستان چاوەڕێی مزگێنی ڕاگەیاندنی ئەو ڕۆژە مێژویەیە".

ئەو پەرلەمانتارە كە نامەكەی لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردۆتەوە ڕاشیگەیاندوە "تكایە چیتر چاوەڕێی ئەو لایەنە سیاسییانە مەكە كە دەیانەوێت بەهەڵوێستی لەرزۆك و نابەرپرسانە ئامانجی ئێوە تێكبدەن، بەكوشتنی كات و نەبونی كاتەوە دەیانەوێت ئەو دەرفەتە مێژوییە لەدەستبدەن".

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی داواشی لەمەسعود بارزانی كردوە، مزگێنی بداتە شەهیدان و كەرنەڤاڵی سەركەوتن و خۆشی بۆ گەلی كورد ڕابگەیەنێت.




PM:01:00:07/06/2017