"وڵاتی كوردستان یان داعشیزم لە بەرگێكی نوێ"

ئەمەی سەرەوە مانشێتی بابەتێكە لە ماڵپەڕی (هەواڵنێی مێهر)ی ئێرانی بڵاوكراوەتەوە‌و باس لە ریفراندۆمی باشوری كوردستان دەكات.

بابەتەكە كە "ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان" وەك پلانێكی ئەمەریكا لە عێراق دەبینێت دەنوسێت: "لەكاتێكدا كە داعش لە سوریا‌و عێراق دوا هەناسەكانی دەكێشێت‌و لەكاتێكدا كە هاوپەیمانیی ئەمەریكا لەشكستی یەكجاریی بۆ حكومەتی داعش لە ناوچەكە نزیك بووتەوە، پلانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی عێراق دەخرێتەڕوو".

ماڵپەڕەكە كە سەر بە سوپای پاسدارانە‌و لەلایەن نوسینگەی عەلی خامەنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامیی كۆنترۆڵ‌و چاودێری دەكرێت دەنوسێت "سەرجەم دراوسێكانی عێراق كە چەندین پارێزگای كوردنشینیان هەیە، واتە: ئێران، توركیا‌و سوریا، بە توندی دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی‌و لەلایەكیترەوە ئیمارات، سعودیە‌و بەرەی (عەرەبە ئەمەریكییەكان) پشتیوان لە ریفراندۆم دەكەن.

نوسەری بابەتەكە لە روانگەی خۆیەوە هۆكارەكانی دروست بوونی وەك خۆی دەنوسێت "وڵاتی ساختەی كوردستان" بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێنێتەوە، لەوانە:

"یەكەم ئەوەی كە ئەندامانی داعشی لێكترازاو لە ژێر چەترێكی رۆژئاوایی بەوەرگرتنی شەرعیەت لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان (لەكوردستان) كۆببنەوە‌و بە ئاسانی لێكنەترازێن‌و ئەم گروپە تیرۆریستییە وەك رژیمی زایونیزم (ئیسراییل) ببێتە خاوەنی خاك‌و شوناسی نێوەوڵەتی". مەبەستی نوسەر ئەوەیە كە پاش نەمانی داعش هەموو چەكدارەكانی لە وڵاتی كوردستان خۆیان جێگیر دەكەن.

بەپێی بابەتەكە هۆكاری دوەم ئەوەیە كە ئیسراییل لەگەڵ ئۆردون پێویستان بەوەیە لەناوچەكە یارمەتیدەرێكی دیكەیا هەبێت. رۆژئاواییەكان پێیانوایە كە دەبێت قەڵایەكی دووەم وەك ئوردون بۆ ئیسراییل دروست بكەن‌و چ قەڵایەك باشتر لە وڵاتێكی فەرمی وەك (كوردستان).

بۆ سێیەم هۆكار دەنوسێت "وڵاتی ساختەی كوردستان باشترین رێگەی پێشگرتنە لە دۆڕانی ئەمەریكا‌و ئیسراییل پاش 6 ساڵ شەڕ. هەروەها (وڵاتی ساختەی كوردستان) بۆ ئەوە دروست دەبێت ببێتە هەنگەڵانی هەمیشەیی داعش  لەناوچەكە. (دەبێتە) خەنجەرێكی هەمیشەیی بۆ هەموو ئەو وڵاتە كە دژی ئەمەریكا بن.

چوارەم هۆكار لە روانگەی نوسەر ئەوەیە كە "وڵاتی ساختەی كوردستان، دەبێتە پێگەیەكی فەرمی بۆ ئەمەریكا‌و هاوپەیمانان تا لە رێگەی ئەم پێگەوە بتوانن وردە وردە پلانی دابەشكردنی وڵاتانی ناوچەكە جێبەجێ بكەن. ئەم وڵاتە ساختەیە لە راستیدا، دەبێتە بنكە پێشەكی بۆ پێكهێنان‌و دامەزاردنی پلانی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" یان پلانی بایدن.



PM:02:25:12/06/2017