كەشناسی هەرێم: خۆڵبارین دەست پێدەكات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و بەپێی ڕاگەیەندراوەكە پلەی گەرمی لە هەرێمی كوردستاندا دادەبەزێت و ڕێژەی تۆز و خۆڵیش بەرز دەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی حوزەیران بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووە "سبەی پێنجشەممە لە تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان پلەی گەرمی ڕوو لە نزمبوونەوە دەكات، هاتنی بارستە هەوایەكی فێنك كار دەكاتە سەر ناوچەكەمان و بەرزترین پلەی گەرمی بە 4-6 پلە نزم دەبێتەوە".

لە ڕاگەیاندراوەكەدا باس لەوە كراوە، كە لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەی گەرمی خۆڵبارین كار دەكاتە سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، پێشبینیش دەكرێت مانەوەی كاریگەریی بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵ سبەی پێنجشەممە لە هەندێك ناوچە زیاتر بێت، خێرایی با لە هەندێك كات بۆ سەرووی 20 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا بەرز دەبێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە ڕۆژی هەینیی ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت و پلەی گەرمی، یەك پلە تا دوو پلە دەست دەكات بە بەرزبوونەوە، كاریگەریی خۆڵبارین لەسەر هەرێمی كوردستان نامێنێت و خێرایی با لە نێوان 10 تا 15 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا دەبێت.



AM:11:13:14/06/2017