كۆبوونەوەی یەكێتی كۆتاییهات و هیچ ڕاگەیەنراوێك بڵاونەكرایەوە (نوێكرایەوە)

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆتایی هات و هیچ ڕاگەیەندراوێكی فەرمی تا ئێستا لەبارەی ئەنجام و ناوەرۆكی كۆبونەوەكە بڵاونەكراوەتەوە.

پەیامنێری "سپی میدیا" ڕایگەیاند كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی درێژەی دەبێت و بڕیارە شەممەی داهاتوو جارێكی دیكە كۆببنەوە و دواتر دوای ئەو كۆبوونەیە هەڵوێستی  خۆیان لەسەر پرۆژەی ڕاپرسی و وەڵامی لایەنەكان بۆ پرۆژەكەی پارتی و یەكێتی ڕابگەیەنن.

لەو بارەیەوە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی، گفتوگۆیەكی تێروتەسەلمان كردو زەمینەمان خۆشكردووە كە رۆژی شەممەی داهاتوو،  بتوانین لەسەر هەموو ئەو خاڵانەی ئەمڕۆ قسەمان لەسەری كرد، بڕیار بدەین".

وتیشی "لە كۆبوونەوەی رۆژی شەممە، بڕیار لەسەر كێشە ناوخۆییەكان و هەڵبژاردن و ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان دەدرێت، هەروەها بڕیار لەسەر پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی و یەكێتی و گۆڕان دەدرێت و هەوڵیش دەدەین لەگەڵ هەموو لایەنەكان پەرلەمان بە باشترین شێوە كارابكرێتەوە، هەروەها یەكڕیزی نیشتمانی بپارێزین و هەوڵیش بدەین میلـلەتەكەمان دڵخۆش بكەین".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی حوزەیران بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەنجامدرا و هیچ ڕاگەیەندراوێك سەبارەت بە ئەنجامی كۆبوونەوەكە بڵاونەكرایەوە.



PM:03:17:15/06/2017