یەکێتی: ڕیفراندۆم پێویستی بە پەرلەمانە

یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەیاسا و لە پەرلەمانەوە دەربچێت.

سەرکردایەتی یەکێتی دوای کۆبوونەوەی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بێ‌ ئەملاو ئەولا تێدەكۆشێ‌ پرۆسەی ریفراندۆم لەپێناوی سەربەخۆیی، لەهەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دابڕێندراو لەهەرێم، سەربخرێ‌. بەمەرجێك سەراپای رێوشوێنەكانی بە یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستاندا پەسەند بكرێت.

 راگەیاندنی رۆژنامەوانی كۆبوونەوەی

ئەنجومەنی سەكردایەتی (یەكێتیی نیشتمانی كوردستان)
سەعات (11)ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (18/6/2017) ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی، بەسەرپەرشتی جێگری سكرتێری گشتی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی، درێژەی بەكۆبوونەكانیدا.
لەم كۆبوونەوەیەدا، ئەم بڕگانە، دوای گفتوگۆیەكی ئازادانەی تێروتەسەل، پەسەند كران:

یەكەم:
كاراكردنەوەی پەرلەمان
یەكێتیی، لەدامەزراندنییەوە هەتا ئێستا، دروشمی مافی چارەی خۆنوسینی بۆ گەلی كوردستان، بنەمای سەرەكی خەباتی بووە، لەو روانگەیەوە، ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختدەكاتەوە، كە یەكێتیی وەكو پێشەنگی خەباتی مافی دیموكراسیانەی چارەی خۆنوسین، داكۆكیكەری بێ‌ ئەملاو ئەولا دەبێ‌ و تێدەكۆشێ‌ پرۆسەی ریفراندۆم لەپێناوی سەربەخۆیی، لەهەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دابڕێندراو لەهەرێم، سەربخرێ‌. بەمەرجێك سەراپای رێوشوێنەكانی بە یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستاندا پەسەند بكرێ‌ و دەسەڵاتە تایبەتمەندییەكانی هەرێم و تەواوی دامەزراوە فەرمییەكانی تر، لەبەر رۆشنایی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، ئەركە نیشتمانییەكانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، راپەڕێنن‌و، زەمینەی كۆ دەنگی یەكڕیزی نیشتمانی بڕەخسێنن.

دووەم:
رێككەوتنی یەكێتیی و گۆڕان
یەكێتیی ئامادەیە، رێككەوتننامەی نێوان یەكێتیی‌و گۆڕان جێبەجێ‌ بكات‌و لەو پێناوەشدا، سەركردایەتی هاوبەشی راسپێردراو، بڕگەكانی رێككەوتننامەكە، جیبَەجێ‌ بكات.

سێهەم:
چاكسازیی و گۆڕانكاری
لیژنەیەك پێكهات بۆ تاوتوێكردنی پرۆژەی پێشكەشكراوی مەكتەبی رێكخستن بۆ چاكسازیی و گۆڕانكاریی، لەماوەی هەفتەیەكدا پرۆژەكە گەڵاڵەی رەسمی بكەن و دابەشبكرێتە سەر ئەندامانی سەركردایەتی.

چوارەم:
نەخشەڕێگەی یەكێتیی
وەڵامی نەخشەڕێگەی یەكێتیی، لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە خوێندرایەوەو بڕیاردرا، هەڤاڵانی سەركردایەتی، بۆچوونی خۆیان دەربارەی بدەنە مەكتەبی سیاسی و مەكتەبی سیاسیش، لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتیدا، بكەوێتە گفتوگۆ، بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوسەنگی و شەراكەتی راستەقینە، لەهەموو ئاست‌و ئاراستەكاندا.

كۆبوونەوە، بۆ تەواوكردنی بڕگەكانی دیكەی پرۆگرامی سەركردایەتی، دوای جەژن، درێژە بەكۆبوونەوە دەدات. 
بەئومێدی ئەوەی، لەم قۆناغە نوێیەی راپەڕاندنی ئەركە چارەنوسسازەكاندا، یەكێتیی:
-كاریگەر بێ‌ لەكارا كردنەوەی پەرلەمان و چارەسەركردنی كۆی كێشەكانی یاسایی و سیاسی‌و یەكڕیزی نیشتمانی.
-ژینگەی هەڵوێستی دیموكراسی نەتەوەیی و، زەمینەی ئابوریی و، كۆششی دیپلۆماسی و زەمینەی یاسایی، بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم، بڕەخسێنرێ‌.
-چاكسازیی و گۆڕانكاری لەناو یەكێتیی و لەحكومەتدا بهێنرێنەدی، هەتا كێشە پەنگ خواردووەكانی هەناوی یەكێتیی چارەسەر بكرێن‌و پەیڕەوی ناوخۆ بكرێتە بنەمای حزبایەتی. لەهەمانكاتدا، ئەو كار بەدەستانەی نەیانتوانیوە بەپێی پرۆژەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و حكومەتی كوردستان، كە پەیمان و پەیامی یەكێتیی بون بۆ جەماوەر، ئەركەكانیان راپەڕێنن، لێیان بپێچرێتەوەو سەركەوتوەكانیشیان، پاداشت بكرێن.

ئەنجومەنی سەركردایەتی
 یەكێیتی نیشتمانیی كوردستان

         18/6/2017




PM:06:34:18/06/2017