ئازاد جندیانی، ئهندامی پێشوی مهكتهبی سیاسی یهكێتی نیشتمانی كوردستان
ڕایگەیاند "قوتابخانەی
ئیبراهیم ئەحمەد بەرامبەر قوتابخانەی بارزانی شکستی خوارد”.
ئەو ئەندامەی پێشووی مەکتەب سیاسیی یەکێتی لەسمینارێکدا کە ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان
سەبارەت بە پرسی جیابوونەوەو ژیانی حیزبایەتی سازیکردبوو بۆی رایگەیاندووە گۆڕان تووشی
شکست و ئاژاوەی نێوخۆیی دەبێت و پێویسته بچنەوە سەر شەقام، چونکە ئەمە تاکە رێگەی
ناچارانەی ئەو حزبەیەیە، ئەوکاتە دۆخی سلێمانی بەرەو شڵەژان دەچێت، بۆیە پێویستە
بە هەنگاوی خێرا و بە پەلە و لەسەریەک سلێمانی بخرێتە نێو خزمەت و هاوکاریی
سەربەخۆیی کوردستانەوە.
لە هەواڵێکدا کە ئاوێنە بڵاویکردووەتەوە لە زاری ئازاد جوندیانییەوە
گواستوویەتییەوە "دەکرێت ئێستا ئاماژە بەوە بدرێت قوتابخانەی سلێمانی بۆ سیاسەت گەیشتووهتە
کۆتایی خۆی، لە بەرئەنجامدا زیانی گەورە لەو قوتابخانەیە نوێیە كەوتەوە، كە تێیدا
وزەی زیندووی ناوچەی سلێمانی و بەشێكی گرنگی كوردستانی لە كۆمەڵێك پرۆسەی سیاسی
هەڵە و پڕ لە كەموكوڕیدا بەفیڕۆدا”.
ڕاشیگەیاندووە "سلێمانی لە کۆندا ناوەندێک بووە جێگەی شانازی و خەونی
مرۆڤی کورد بووە، زۆربەی کورد روویان لە سلێمانی بوو، بەڵام بزووتنەوە سیاسییەکانی
سلێمانی لە مێژووی نوێدا ئەم راستییەیان گۆڕی، جاران هەموو تاک گەلی دانیشتووی
سلێمانی بە شانازییەوە شوناسی خۆیان بە شاری سلێمانییەوە دەبەستەوە، بەڵام هەنووکە
لە سلێمانیدا، هێندەی پەنا دەبرێتە بەر ئەوەی تاکەکەس خۆی بە خەڵکی شار و
شارۆچکەکانی دەوروبەری سلێمانی بناسێنێت، ئەوەندە هەوڵ نادات خۆی وەکو سلێمانی پیشانبدات”.
ڕوونیشی کردووەتەوە "لەم گۆڕانەدا نەوشیروان موستەفا رۆڵی بەرچاوی
هەبوو، کە پێیوابوو ئەسپی سیاسی نوێی ئەو بە دوو کردار تاو دەدرێت، یەکەمیان:
تەفروتوناکردنی تەواوی یەکێتی و دووەمیان : بەربەرەکانیکردنی رەهای بارزانی. ئەمەش
مێژووەکەی لە شەستەکانەوە دەستیپێکردبوو، ئەم کێشە قوڵ و ململانێیانەی ئێستا هەن
دەرهاویشتەی سەردەمی ئەوکاتن.”
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە لەم بارودۆخەدا و لە رەوشێکی گرنگ و ناسکی وەکو
ئەمڕۆدا، کە دابڕان بەجۆرێکی دیکە لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا بوونی هەیە،
زۆرجار باس لەوە دەکرێت بۆ پەڕینەوە بەرەو سەربەخۆیی و ریفراندۆم، پێویستە دەزگا
یاساییەکانی وڵات (وەکو پەرلەمان) شەرعییەت بدەن بە پرۆسەکە، بەڵام بەمشێوەیە نیە،
چونکە وڵات هەبووە دامودەزگای شەرعی هەر نەبووە و بەسەربەخۆییشدا تێپەڕبووە، ئەو
وتی "فیدل کاسترۆ و ماوتسیتۆنگ و خومەینی و دەیان نمونەی دیکە بە بێ دەزگا
شەرعییەکان سەربەخۆیی و شۆڕشیان بەرپاکرد. بۆیە دیسکۆرسی بە مەرج زانینی
کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی گفتوگۆیەکی بێ کەڵک و
زیادە. شەڕی ئێستا سەپاندنی ئیرادە و ململانێی حزبییە نەک شەڕی دیموکراتی و
شەرعییەت”.