بڕیارەکەی حکومەت سەبارەت بە تاپۆکردنی ئەو گوندانەی دەکەونە سنوری ماستەرپلانی شاری سلێمانیەوە جێبەجێ دەکرێت و وادەی جێبەجێکردنەکەشی ئاشکرا دەکرێت.
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئامادەکاری بۆجێبەجێکردنی بڕیاری حکومەت سەبارەت بە تاپۆکردنی گوندەکانی سنوری شارەوانی دەکات.
لەوبارەیەوە ئەندازیار سامان مەحمود، جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بە ماڵپەی SNNی راگەیاندووە پاش بڵاوکردنەوەی بڕیاری تاپۆکردنی گوندەکانی سنوری شارەوانیەکان لەلایەن حکومەتەوە، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بۆ ئەو مەبەستە سەرقاڵی ئامادەکارییە.
سەبارەت بەچۆنێتی تاپۆکردنەکە، جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دەڵێت "داوامان لەوەزارەتی شارەوانی کردوە کە بڕیار لەسەر پێکھێنانی لیژنەی تایبەت بدەن، لەھەمان کاتدا داوامانکردوە خەرجی تایبەت و دەرماڵە بۆ ئەو کارمەندانە دیاری بکرێت کە کاردەکەن لەجێبەجێکردنی ئەو بڕیارەدا".
ئاشکراشی دەکات لەکاتی وەڵامدانەوەی نوسراوەکەیان بەپێی پێگەی جوگرافی و بەدابەشکردنیان بەسەر شارەوانیەکانی(رۆژھەڵات و رۆژئاوا و تاسڵوجە و راپەڕین و بەکرەجۆ) کارەکان دەست پێدەکات.
لەبارەی نرخ و ژمارەی سومەندبوان، ئاماژەی بەوەدا بەپێی بڕیارەکەی حکومەت بۆ ھەر یەک مەتر زەوی بڕی 15ھەزار دینار دیاریکراوە، لەسنوری گوندەکانی ماستەر پلانی شاری سلێمانی زیاتر لە 30 ھەزار ھاوڵاتی لەو بڕیارە سودمەند دەبن.