كارەبای نیشتیمانی زیاد دەبێت

خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلیەكان و بڕی ئەو پارەیەی لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت ئاشكرا دەكرێت و كارەباش لە مانگی تەمووزدا دەبێتە 24 كاتژمێری.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی، كە ئەمڕۆ 29ی‌ حوزەیران بڵاوكراوەتەوە و بەرنامەی كاركردنی مۆلیدە ئەهلیەكان بۆ مانگی تەمموز دیاریكراوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری‌ مۆلیدەی‌ ئەهلی بە 40 دینارو نیو دیاریكراوە كە كاتژمێری كارپێكردنی مۆلیدەكان لەگەڕەكەكاندا جیاوازە "بەگشتی لەنێوان (230 ـ 270) كاتژمێرە، واتە ئەگەر مۆلیدەیەك 250 كاتژمێر كاری‌ كردبێت، بڕی‌ 10 هەزار دینار لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت".

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە كە "بەهەماهەنگی لەگەڵ كارەبای‌ نیشتیمانی 24 كاتژمێر كارەبای بەردەوام لەمانگی تەمموز بۆ هاوڵاتیان دابیندەكرێت و هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی نەبێت، پێویستە خاوەنی مۆلیدە ئەهلیەكان، كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن، بەڵام دوای هەر شەش كاتژمێر كاركردنی مۆلیدە ئەهلییەكان بۆیان هەیە ماوەی كاتژمێرێك پشوو بەمۆلیدەكان بدەن".




PM:02:38:29/06/2017