تەرمی ئەو ژنەی لەگەڵ مێردەکەی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی کوژران تا ئێستا لەلایەن کەسوکاریەوە وەرنەگیراوەتەوە و پۆلیسیش دوو تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکە دەستگیر دەکات.
لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەی کوژرانی ژن و مێردەکەی گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی بەردەوامە و لەسەر ئەو پرسەش سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە "دوو کەسی تر لەسەر ڕووداوەکەی گەڕەکی بەختیاری دەستگیرکران و ئێستا ژمارەی ئەوانەی بەتۆمەتی تاوانەکە دەستگیرکراون، 9 کەسن".
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتیشی: ئەمە یەکەمین دۆسیەیە کە لەسەر تاوانی کوشتن، نۆ کەس دەستگیربکرێت.
سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت " پۆلیسی بەختیاری بەھاوکاری پۆلیسی ھەولێر کاری زۆر وردیان ئەنجامداوەو لێکۆڵینەوەکانیش دەرئەنجامی زۆر باشیان دەبێت، لەئێستاشدا لەگەڵ سەرجەم ئەو تۆمەتبارانە لێکۆڵینەوە دەکرێت لەشوێنی ڕوداوەکە لەکوێ بوون و چیان کردووە".
بەوتەی سەرکەوت ئەحمەد، تا ئێستا تەرمی ژنەکە لەپزیشکی دادی سلێمانیەو لەلایەن کەسوکارەکەیەوە وەرنەگیراوەتەوە، بەڵام تەرمی پیاوەکە لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بردراوەتەوە بۆ ھەولێر و دەشڵێت "بەگوێرەی چەند زانیارییەکی سەرەتایی، گومان لەسەر ئەو لایەنەیە کە تەرمەکەیان وەرنەگرتۆتەوە".
سەبارەت بەمنداڵەکانی ئەو ژن و مێردەش، کە تەمەنیان لەنێوان 3-4 ساڵانە، سەرکەوت ئەحمەد وتی "ھەردوو منداڵەکە لەخانەی بێسەرپەرشتان بەخێودەکرێن".
ئێوارەی ڕۆژی 23 ی حوزەیرانی 2017، ژن و مێردێکی خەڵکی ھەولێر، بەکوژراوی لەماڵەکەی خۆیان لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی دۆزراونەوە، دوای ڕوداوەکەش پۆلیسی بەختیاری چوار کەسی لەسلێمانی دەستگیرکردو بەھاوکاری پۆلیسی ھەولێریش، سێ تۆمەتباری لەو شارە دەستگیرکرد.