مەكتەبی سیاسی یەكێتی راگەیاندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی بڵاوكردەوەو تێیدا پابەندی خۆی بۆ دوا كۆبونەوی ئەنجومەنی سەركردایەتی دووپاتکردەوە و بڕیاریداوە وەفدێك بۆ سەردانكردنی گۆڕان و پارتی پێكبهێنێت .
دەقی راگەیاندراوەكە:
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (13/7/2017)، بەسەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبونەوەی ئاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسلێمانی بەرێوەچوو.
لەكۆبونەوەكەدا، دۆخی كوردستانو عێراقو سەركەوتن بەسەر داعشو پێشهاتەكانی تری ناوچەكە تاوتوێكران. سەرەنجام كۆبونەوە بڕیاردرا:
یەكەم/ یەكێتی پابەندی ریفراندۆمە بەپێی ناوەرۆكی دوا كۆبونەوی ئەنجومەنی سەركردایەتی، پێداگری دەكات لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمانو دەركردنی یاسای ریفراندۆم.
دووەم/ وەفدێك پێكهێنرا بۆ سەردانی كردنی پارتی دیموكراتی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان، بەمەبەستی ئاگاداركردنەوەیان لە سەردانی وەفدی یەكێتی بۆ دەوڵەتانی ئیقلیمی بەئامانجی گفتوگۆكردن لەبارەی ریفراندۆمو دۆخی ئابوریو كێشەی گرتنەوەی ئاوی زێیو رووبارەكانو هەندێ پرۆژەی بازرگانیو ئابوری، كە بڕیاربوو لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە جێ بەجێ بكرێ.