قادری حاجی عەلی لەسەر کاندیدبوونی هاتە دەنگ

قادرى حاجى عه‌لى سیاسەتمەدار و هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان سەبارەت بە هەواڵی کشانەوەی هاتە دەنگ و ڕایگەیاند هێشتا خۆی كاندیدنه‌كردووه‌ تا بكشێته‌وه

‌ قادرى حاجى عه‌لى، سەبارەت بەوەی لەکاندیدبوون بۆ پۆستی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کشاوەتەوە بە دواڕۆژی ڕایگەیاندووە"هێشتا خۆم كاندید نه‌كردووه‌ تا ده‌ستبكێشمه‌وه‌، هه‌رچیش له‌باره‌ى منه‌وه‌ ده‌وترێت دووره‌ له‌ڕاستییه‌وه‌".

هەر ئەمڕۆش سپی بڵاویکردەوە تا ئێستا قادر حاجی عەلی فۆڕمی خۆ کاندیدکردنی وەرنەگرتووە و هەندێک زانیاریش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ناوبراو خۆی کاندید ناکات.

هەروەها بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ دەرگای خۆ پاڵاوتنیان لە کاتژمێر ٩ەوە کردۆتەوەو تا ڕۆژی ٢٣ی مانگ بەردەوام دەبێت و وتیشی تا ئێستا بە فەرمی کەس خۆی کاندید نەکردووە.
زمناکۆ جەلال، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان، بە سپی میدیای ڕاگەیاند کە ئەمڕۆ دەرگای خۆ پاڵاوتنیان بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە و خانەی ڕاپەڕاندن کردووەتەوە و ئەمڕۆش چەند کەسێکی کەم فۆڕمی خۆ کاندیدکردنیان وەگرتووە، بەڵام تا کاتژمێر چواری ڕۆژی ٢٣مانگ ناتوانین بڵێین چەند کەس کاندیدە، چونکە ئەوەی کە فۆڕم وەردەگرێت مەرج نییە خۆی کاندید بکات و تا فۆڕمەکە نەگەڕێتەوە، هیچ کەسێک بە کاندید هەژمار ناکرێت".

ڕوونیشی کردەوە کە تا ئێستا هیچ کەسێک فۆڕمەکەی نەگەڕاندووەتەوە و وتیشی کە ئەو کەسانەی مەرجەکانی خۆ کاندیدکردنیان تێدایە دەتوانن لە ئەمڕۆەوە فۆڕم پڕبکەنەوە.




PM:04:14:20/07/2017