پەرلەمانتارێكی گۆڕان: ڕێكەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی لەبارچوو

یەكگرتنەوەی فراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی كە لەلایەن سەركردایەتی هاوبەشی هەردوولاوە بڕیاری لێدرابوو تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆِرانیش ڕایدەگەیەنێت "كۆی ڕێكەوتنەكە لەبارچووە".

 لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن سەركردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتیەوە بڕیاردرا بە كاراكردنی ڕێكەوتنەكەیان و وەك یەكەم هەنگاویش بڕیاردا بە یەكگرتنەوەی هەردوو فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بێستون فایەق، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندام لەو لیژنەیەی بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو فراكسیۆن پێكهێنراوە بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "پرۆسەی یەكگرتنەوەی هەردوو فراكسیۆن هیچ بەرەپێشچونێكی بەخۆیەوە نەبینیوە و تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ نەنراوە".

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان بێهیوایی خۆیشی نیشاندا لە جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی گۆڕان و یەكێتی و ڕایگەیاند "ئەو ڕێكەوتنە سیاسیە بۆ قۆناغێك و تەنیا لەسەر كاغەز بووە  و لەئێستادا لەبارچووە".

سەبارەت بە ڕێگریەكانیش بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێكەوتنە ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە سەرەڕای ئەوەی دۆخی پەرلەمان لەبارنیە هاتنە پێشەوەی یەكێتیش وەك پێویست نیە.

لە ڕۆژی 17/5/2016 بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە ئامادەبوونی نەوشیروان موستەفا، ڕێكخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ڕێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی واژۆكرا و لە مەراسیمەكەدا نەوشیروان موستەفا لەبارەی ڕێكەوتنەكەوە ڕایگەیاند "عیبرەت لەجێبەجێكردنیدایە".




PM:03:29:30/07/2017