لەمەودوا شەوانیش پاس کاردەکات

لە شاری سلێمانی سیستمێكی نوێی گواستنەوەی هاووڵاتیان كاری پێدەكرێت‌و لەشەوانیشدا پاس لە هێڵەكانی ناوشاردا كاردەكات.
سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوەو گەیاندنی سلێمانی بە ماڵپەڕی SNNی وتووە: لە ئایندەیەكی نزیكدا سیستمێكی نوێ بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، سیستمەكەش رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەرگرتوەو ئێستاش نوسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە كردوە، تا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بكەن.
ڕاشیگەیاندووە «سیستمەكە بەو شێوەیەیە، دوای تەواوبونی پاسی گەراج لەناوشاردا كە تا ئێوارە كاردەكەن، كاتێك پاسەكانی رۆژ كۆتاییان بەكار هێنا، گواستنەوەی شەوانی هاووڵاتیان دەستپێدەكات، كە لە راپەڕینەوە بۆ ناوشار پاسەكان بە بەردەوامی هاتوچۆ دەكەن‌و هاووڵاتیان دەگوازنەوە».
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە: بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم لەكاتی ئیمزاكردنی گرێبەستەكەدا لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار نرخەكە دیاری دەكات، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت بەهەمان نرخی پاسی رۆژ، هاووڵاتیان بگوازنەوە.
ڕوونیشی کردووەتەوە «لەبەرنامەماندا هەیە بەمزوانە بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، بە دڵنیاییشەوە ناگاتە مانگێكی دیكە، چونكە نووسراومان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك پارێزگا، هاتوچۆ، ئاسایش، سەندیكاو گواستنەوە كردوەو هاتوچۆ رەزامەندی لەسەرداوەو تەنها چاوەڕوانی گرێبەستی كۆمپانیاكەین، بۆ ئەوەی بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە».




PM:04:52:30/07/2017