"بەیانی سامی عەبدولرەحمان راستدەکات، هەرێمی کوردستان کارەبا دەدات بە دەرەوەی خۆی"

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کاروباری کارەبای هەرێم بە سپی راگەیاند" بەیانی سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئەمەریکا راستدەکات کە دەڵێت: هەرێم کارەبا بۆ دەرەوەی خۆی دابین دەکات، بەڵام ئەوە حکومەت نییە دابینی دەکات، بەڵکو هەندێک کۆمپانیایە کە موڵکی حیزبن،  یان موڵکی بەرپرسانی حیزبن، یان پشکیان هەیە".

دوێنێ ئەو قسانەی بەیان سامی عەبدولرەحمان کە لە پانێڵێکدا لە ئەمەریکا کردی ناڕەزایەتییەکی زۆری لەلای خەڵکی کوردستان دروستکردو ئەو قسانەیان بە " درۆیەکەی گەورە ناوزەد کرد، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا راستدەکات".

ئەو سەرچاوەیەی سپی ئاشكرای کرد کە حکومەتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ هەریەک لە کۆمپانیای کار " نزیک نێچیرڤان بارزانی"، کۆمپانیای ماس " ئەحمەد ئیسماعیل"، کۆمپانیای قەیوان " نزیک بەرپرسانی یەکێتی" کردووە بۆ دابین کردنی کارەبا بۆ هەردوو پارێزگای موسڵ و تکریت، بەتایبەتی بۆ پرۆژەی دابینکردنی ئاو بۆ ئەو دوو شارە.

دابینکردنی ئەو بڕە کارەبایە لەلایەن ئەو سێ کۆمپانیایەوە  بۆ پارێزگای موسڵ و تکریت، لە کاتێکدایە کە وەزارەتی کارەبای هەرێم رۆژانە لە مانگی تەموزدا تەنها ( ١٠ کاتژمێر – ١٢ کاتژمێر ) کارەبای دابینکردووە بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان و پێشبینی ئەوەش دەکرێت ئەو بڕە کارەبایە لە ئابدا کەدەبێتەوە.

پێشتر عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق 15ی ئەم مانگە لە بەیاننامەیه‌كدا ڕایگەیاند وەزارەتەكەیان دوو گرێبەستی لە كۆمپانیای كار واژۆ كردووە بۆ دابینكردنی 700 مێگاوات كارەبا بۆ هەردوو پارێزگای موسڵ و سەڵاحەدین.

 وەزارەتی نەوت، پوختەیەكی لە بارەی گرێبەستەكەوە لەسەر پێگەی تایبەتیی خۆی بڵاو كردووەتەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەسەر چۆنێتی ئەو گرێبەستە بڵاونەکردۆتەوە.

حه‌مه‌ ئه‌مین هه‌ورامی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان به ماڵپەڕی باسنیوز)ی ڕاگه‌یاندووە "ئێستا هه‌رێمی كوردستان بڕی 400 مێگاوات كاره‌با بۆ شاری مووسڵ دابین ده‌كات، ئه‌و بڕه‌ كاره‌بایه‌ش بۆ پرۆژه‌كانی ئاوه‌ له‌و شاره‌دا، چونكه‌ ئه‌و ئاوارانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌، پێویستیان به‌ ئاو و خزمه‌تگوزاری دیكه‌یه‌".
 
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌با، وتووشیەتی "ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ كاره‌كه‌ چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئێستا له‌ وێسته‌گه‌ی به‌هه‌مهێنانی كاره‌بای بازیان له‌ سنووری سلێمانی، وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای خورمه‌ڵه‌ له‌ هه‌ولێر، هه‌ر یه‌كێكیان به‌ 2 تۆڕباین ئیشی پێده‌كرێت و بڕی 400 مێگاوت كاره‌با ڕه‌وانه‌ی مووسڵ ده‌كه‌ن".
 
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ كاره‌كه‌ به‌شێكی كه‌می چووه‌ته‌ بوارێكی جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مووسڵ شارێكی گه‌وره‌یه‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر كاره‌بای پێویسته‌، هه‌روه‌ها ده‌بێت وه‌زاره‌تی كاره‌با و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌و پرۆسه‌یه‌ سوودمه‌ندبن.

کۆمپانیای ماس موڵکدارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەداری گەورە ئەحمەد ئسیماعیل، کۆمپانیای کاریش هەرچەندە بەڕواڵەت موڵکی سەرمایەدارێکە، بەڵام لە بنچینەدا موڵکی سەرۆکی حکومەت نێچیرڤان بارزانییە، گرووپی کۆمپانیای قەیوانیش چەند بەرپرسێکی یەکێتی پشکیان لەو کۆمپانیایەدا هەیە، پێشتر قەیوان ویستوویەتی بەرهەمهێنانی کارەبای کۆمپانیاکەی بدات بە حکومەتی هەرێم، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادە نەبوون ئەو بڕە سووتەمەنییە بۆ ئەو وێستگەیە دابین بکەن. 

    
   



PM:11:56:30/07/2017