" دوو مانگی دیکە هەر مووچە خۆرێک مانگانە لە ٧٠% مووچەکەی وەردەگرێت"

بەرپرسێکی پارتی لەسەر زاری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێ " دوو مانگی دیكە دەستكاریی سیستەمی مووچە دەكرێت و بەپێی سیستەمە نوێیەکەش هەر مووچەخۆرێك نزیكەی 70%ی مووچەی جارانی وەردەگرێت".

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ رووداو، وردەكاریی سیستەمی نوێی مووچەی لەسەر زاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکراکرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی سەرقاڵی لابردنی پاشەكەوتی مووچە و سیستەمێكی نوێی مووچەیە. 

میرخان وتی "ئەمە پێویستی بە یاسا هەیە، پەرلەمان دەتوانێت یاسای مووچە هەموار بكاتەوە كە لە بەرژەوەندیی خەڵكە. پەرلەمان هیچ كارێك نەكات تەنیا ئەمە بكات، گەورەترین خزمەتی خەڵكی كوردستان دەكات. یان ئەگەر یاساشی بۆ دەرنەكات با چاودێریی بكات و بەشداربێت لەو هەنگاوە".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەت كە جێگری سەرۆكی حیزبەكەتانە، هیچ زانیاری لەبارەی ئەو سیستەمە تازەیەی مووچە بە ئێوە داوە؟ ئاراس حەسۆ میرخان وتی: "حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتبووە نێو قەیرانێكی دارایی، ئێستا دۆخەكە باشتر بووە، ئەوپەڕی دوو مانگی دیكەیە سیستەمی نوێی مووچە جێبەجێ‌ دەكرێ‌ كە لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتی دەبێت لەگەڵ هەژماركردنی بڕوانامە، خزمەت و خێزان و چەند پێوەرێكی دیكە و ئەو پاشەكەوتە نامێنێ".

ناوبراو دەشڵێت "ئێستا خەڵك رێژەی 25% و 30%ی مووچەكەی وەردەگرێت، ئەوكات هیچ فەرمانبەر و مووچەخۆرێك لە 70%ی مووچەكەی كەمتر وەرناگرێت. راستە ناگاتەوە مووچەی پێشوو، بەڵام لەو دۆخە گۆڕانكاریی زۆر باش لە بژێویی خەڵك دەكات. بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیە سەركەوتوو بێت و كەس دژی نەبێت، گرنگە پەرلەمان كارا بكرێتەوە، ئەوانیش بەشداربن".




AM:10:11:31/07/2017