به‌رپرسێكی حكومه‌تی توركیا هۆشداریی به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم ئه‌نجامبده‌ن، توشی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سه‌ربازیی و شه‌ڕێكی خوێناوی ده‌بنه‌وه".
یه‌لنور جنیك، گه‌وره ڕاوێژكاری ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌ماڵپه‌ڕی (بلومبێرگ)ی ڕاگه‌یاندوه، "ئه‌گه‌ر هه‌رێم سوربێت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم، ئه‌وه گرژییه سیاسییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ دروستبونی شه‌ڕی سه‌ربازیی په‌لده‌هاوێت".
وتیشی "ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه كورد به‌نیازه له25ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ ئه‌نجامی بدات، خۆی ده‌خاته به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌وه و ده‌بێت خۆیان بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سه‌ربازیی له‌گه‌ڵ سوپای عیراق ئاماده‌بكه‌ن".
به‌وته‌ی جنیك، حكومه‌ته‌كانی ئه‌نكه‌ره و تاران دژی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمن له‌باشوری كوردستان (باكوری عیراق)، ده‌شڵێت "به‌رپرسانی هه‌رێممان له‌و مه‌ترسیانه ئاگاداركردۆته‌وه".
به‌رپرسه باڵاكه‌ی حكومه‌تی توركیا ئه‌وه‌شی وتووە "ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم له‌هه‌رێمی كوردستان بكرێت، توڕه‌بونی وڵاتانی دراوسێی لێده‌كه‌وێته‌وه، چونكه ناوچه‌كه توشی كێشه‌ی قوڵده‌بێت".