میدیای رووداوی نزیک پارتی سیناریۆی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " لە ئەگەری نەهاتنەپێشەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، یەكێك لە بژارەكان هەڵبژاردنی جێگر و سكرتێری نوێی پەرلەمانە لەسەر بنەمای رێككەوتنی پێشوو كە جێگر بۆ یەكێتی سكرتێریش بۆ پارتی.
ئەو میدیایە بڵاویکردۆتەوە، لە حاڵەتی نەگەڕانەوەی یوسف محەممەد بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، جەعفەر ئیمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و فەخرەدین قادر، سكرتێری پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەتوانن داوای دانیشتنی پەرلەمان بكەن، بەڵام پێشبینی ناكرێت كۆمەڵ ئامادەیی تێدا بێت بەبێ گۆڕان بەشداریی كاراكردنەوەی پەرلەمان بكات.
بەپێی زانیارییەكان، یەكێك لە بژارەكان لە حاڵەتی نەهاتنە پێشەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، هەڵبژاردنی جێگر و سكرتێری نوێی پەرلەمانە لەسەر بنەمای رێككەوتنی پێشوو كە جێگر بۆ یەكێتی هەر یەك لە (بێگەرد تاڵەبانی و سالار مەحموود) كاندیدی بەهێزن، سكرتێریش بۆ پارتی كە فرسەت سۆفی پێشتر كاندید بوو، بەبێ دەستكاریكردنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە بەركەوتەی گۆڕانە.
یوسف محەممەد لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە، لەڕووی یاساییشەوە دوو ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی لە كۆی سێ كەس دەتوانن دانیشتنەكان بەڕێوەببەن. جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەپێی ماددەی 18 لە پەیڕەوی ناوخۆ دەتوانێت سەرجەم دەسەڵاتەكانی سەرۆك پیادە بكات. ئاساییكردنەوەی پەرلەمان بەم شێوەیە بڕوات تاوەكو كۆبوونەوەكانی پارتی و گۆڕان دەگاتە ئەنجام.