مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له یادی دامه‌زراندنیدا داوا له جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات كه پشت بكه‌نه هه‌موو ناكۆكی و دڕدۆنگی و راڕاییه‌ك داواشدەکات له رۆژی 25ی ئه‌یلولدا بچنه سه‌ر سندوقی ریفراندۆم و به به‌ڵێ ده‌نگ به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بده‌ن.
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له یادی دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌دا کە 16ی ئابە به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و تیایدا هاتووه "سه‌دساڵ له‌مه‌وبه‌ر و ئه‌و ده‌مه‌ی كورد له مافی دیاریكردنی چاره‌نوسی خۆی بێبه‌ش كرا و باشوری كوردستان به ده‌وڵه‌تی ده‌ستكردی عێراقه‌وه لكێندرا. وه‌عد و به‌ڵێن ئه‌وه بوو ئه‌م ده‌وڵه‌ته نوێیه سه‌رزه‌مینی شه‌راكه‌تی كورد و عه‌ره‌ب بێت. كه‌چی نه‌ك هه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه نه‌هاته‌دی، به‌ڵكو له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، كورد ناچاركرا به زه‌بری تفه‌نگ پارێزگاری له وجودی خۆی بكات و رووبه‌رووی جینۆساید و ئه‌نفال و كیمیایی و ته‌عریب ببێته‌وه".
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌ڵێت: "ئیدی كاتی هات گه‌لی كوردستان بیر له چاره‌نوسی خۆی بكاته‌وه، له رێی ریفراندۆمێكی گشتییه‌وه دوا بڕیار له چاره‌نوسی خۆی بدات و سه‌ركردایه‌تی سیاسی ته‌فویز و سه‌رپشك بكات بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی كه بێگومان سه‌ربه‌خۆیی و پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت ده‌بێت".
ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:
جه‌ماوه‌ری كۆڵنه‌ده‌ری پارتیمان...
حزب و لایه‌نه سیاسییه تێكۆشه‌ره‌كانی كورد و كوردستانی....
جه‌ماوه‌ری گه‌لی كوردستانی قاره‌مان به نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزاكانیه‌وه...
رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كوردی دلێر...
له حه‌فتاو یه‌كه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستاندا، په‌یامی هاوپشتیی نه‌ته‌وه‌یی بۆ سه‌رجه‌م رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد، په‌یامی هاونیشتمانیی و هاوچاره‌نووسی بۆ تێكڕای نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی كوردستان، په‌یامی هاوخه‌باتی بۆ هه‌موو هێزه سیاسییه‌كان، پیرۆزبایی گه‌رم بۆ ته‌واوی ئه‌ندام و لایه‌نگران و جه‌ماوه‌ری پارتیمان ده‌نێرین.
حه‌فتاو یه‌ك ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، دوای چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك له بێبه‌شكردنی كورد له مافی دیاریكردنی چاره‌نووس و لكاندنی باشوری كوردستان به عێراقێكی ده‌ستكرده‌وه، دوای سه‌ركوتی سه‌رهه‌ڵدانی باكور و له‌سه‌روبه‌ندی جوانه‌مه‌رگیی كۆماری كوردستان و له هه‌لومه‌رجێكی پڕ نائومێدی و بێهیواییدا، به رابه‌رایه‌تی سه‌ركرده‌ی ئه‌فسانه‌یی كوردستان، مسته‌فا بارزانیی نه‌مرو به هیممه‌تی تێكۆشه‌رانی كوردایه‌تی، (پارتی دیموكراتی كورد) وه‌ك وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پێداویستییه‌كی مێژوویی، دامه‌زرا، تا سه‌رله‌نوێ ئومێد له دڵی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورددا بژێنێته‌وه. تا ببێته چوارچێوه‌ی خۆرێكخستنه‌وه و ئامرازی خه‌بات، بۆ به‌گژداچونه‌وه‌ی ئه‌و غه‌دره مێژووییه‌ی ده‌یانویست ببێته قه‌ده‌ری هه‌تاهه‌تایی نه‌ته‌وه‌ی كورد. چوارچێوه‌یه‌ك هه‌موو توانا و ئینتیماكان له شوناسێكی نیشتمانییدا جێبكاته‌وه كه ئینتیما لاوه‌كییه‌كانی ناوچه و له‌هجه و خێڵ و تیره و تایه‌فه تێپه‌ڕێنێت و ئاوێنه ی باڵانومای گه‌لی كوردستان بێت به هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزاكانییه‌وه.
كاروانی خه‌باتی پارتی هه‌ر له ده‌سپێكه‌وه به‌رمه‌بنای دوو حه‌قیقه‌ت بوو، یه‌كه‌میان باوه‌ڕی نه‌گۆڕ و بێ سازش به مافی چاره‌ی خۆنوسین، دووه‌میان به‌رخوردی واقیعبینانه له‌گه‌ڵ ئاسته‌نگه سه‌خته‌كانی سه‌ر رێی گه‌یشتن به‌و مافه ره‌وایه. له‌و پێودانگه‌وه پارتی خه‌باتێكی درێژخایه‌نی ماندوونه‌ناسی قۆناغ به قۆناغی ده‌ستدایه تا هه‌نگاو به هه‌نگاو ئه‌و مافه زه‌وتكراوه به‌ده‌ست دێته‌وه.
پارتی له قۆناغ به‌ندیی ئه‌و كاروانه بێ پسانه‌وه‌یه‌دا، هه‌وراز و نشێوی زۆری بڕی. تێكۆشه‌رانی پارتی له قۆناغی خه‌باتی نهێنیدا، به‌رگه‌ی راوه‌دونان و گرتن و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌یان گرت، تا ببنه سیمبۆلی به‌رگری و ژیاندنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی لای تاكی كورد. له قۆناغی ئازادیی هه‌ڵسوڕانی سیاسیی‌دا، كاری رێكخراوه‌یی و هۆشیاریی جه‌ماوه‌ریی په‌ره‌یسه‌ند و هه‌وڵدرا ره‌وایی دۆز و داوا ره‌واكانی كورد به هه‌موو گه‌لانی عێراق ئاشنا بكرێ. كاتێكیش هه‌موو ده‌رگا و ده‌رفه‌ته‌كانی خه‌باتی دیموكراتی و تێكۆشانی سیاسیی له‌به‌رده‌م كورد داخران، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشڕه‌وایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلولی كرد كه وه‌ك یه‌كێك له شۆڕشه میللییه فروانه‌كانی رزگاریی نیشتمانیی گه‌لانی ئازادیخواز، چووه نێو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو.
هه‌ر له سایه‌ی ئه‌و شۆڕشه و زه‌بری تفه‌نگی پێشمه‌رگه‌دا، فه‌رهه‌نگی نكۆڵی له مافه‌كانی كورد پاشه‌كشه‌ی كرد و، هه‌نگاو به هه‌نگاو، سه‌لماندنی مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی كورد ده‌ستیپێكرد. هه‌ر له دانپێدانان به وجودی نه‌ته‌وه‌یی كورد و مافی كارگێری لامه‌ركه‌زییه‌وه تا دانپێدانان به وجودی كوردستان وه‌ك خاك و جوگرافیا، كه له به‌ڵگه‌نامه‌ی رێككه‌وتنی یازده‌ی ئازار و سیستمی ئۆتۆنۆمیدا به‌رجه‌سته بوو. هه‌ر خودی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ش بووه به‌ردی بناغه‌ی كۆی داواكاری و مافه هه‌ڵكشاوه‌كانی دواتری شۆڕشی كورد و دانوستانه‌كان. ئه‌و چوار ساڵه‌ش كه كه‌وته نێوان رێككه‌وتنی ئازار و هه‌ڵگیرسانه‌وی شۆڕش، بوو به ده‌رفه‌تی بوژانه‌وه‌یه‌كی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كوردستان و هه‌ڵكشانی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی و باوه‌ڕه‌به‌خۆهێنانی مرۆڤی كورد. وه‌ك چۆن ده‌رفه‌تیش بوو كه ده‌نگ و سه‌ڵای شۆڕش و دۆزی كورد له چوارچێوه‌ی قه‌تیسی عێراق بترازێ و ده‌وروبه‌ر و دنیا له په‌یوه‌ندی نێوان مه‌سه‌له‌ی كورد و ئۆقره‌یی سیاسیی ناوچه‌كه تێبگه‌ن.
پاشه‌كشه‌ی حكومه‌تی به‌غدا له رێككه‌وتن، هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی چه‌كداری لێكه‌وته‌وه، ئه‌و شۆڕشه‌ی به‌غدای گه‌یانده لێواری داڕمان، بۆیه‌ش ده‌ستی له به‌شێكی سه‌روه‌ری و ئاو و خاكی عێراق هه‌ڵگرت له به‌رامبه‌ر پیلانگێڕان له كورد و شۆرشه‌كه‌ی، ئه‌و نكۆڵی و گه‌له‌كۆمه‌یه به‌رامبه‌ر مافه‌كانی كورد، ئه‌گه‌رچی نسكۆیه‌كی كاتی به‌سه‌ر شۆڕشدا هێنا، به‌ڵام دواجار بۆ كورد هه‌ستانه‌وه‌یه‌كی كۆڵنه‌ده‌رانه‌ی دوای نسكۆ و بۆ ئه‌وانیش گیرۆده‌بوون به زنجیره‌یه‌ك كاره‌ساتی سیاسی لێكه‌وته‌وه، كه عێراق و ناوچه‌كه‌ی توشی شه‌ڕ و ئاشوبێكی گه‌وره كرد و دواجاریش سه‌ری خۆیان له‌سه‌ر دانا.
پارتی دوای نسكۆ، به شێوازێكی نوێ و سه‌رده‌میانه‌ی گونجاو له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی نوێ، سه‌نگه‌ری خه‌باتی ئاوه‌دان كرده‌وه و له حزبێكی بێ ركابه‌ره‌وه، بووه حزبێكی هاوكار و هاوپشتی كۆی هێزه سیاسیه‌كانی دیكه. له ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته واقعبینه‌ش، سه‌رباری روداوه نه‌خوازراوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، ئاشتبونه‌وه‌ی گشتیی نێوخۆیی و به‌ره‌ی كوردستانی هاته كایه‌وه، ئه‌و به‌ره‌یه‌ی هه‌م وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌نفال و جینۆساید بوو، هه‌م توانی له كاتی پێشهاتنی روداوه دراماتیكییه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌دا كه هه‌ر زوو سه‌رۆك بارزانی پێشبینی كردبوو، رابه‌رایه‌تی راپه‌ڕین بكات و به‌وه‌ش كوردستان پێ بنێته قۆناغێكی دیكه‌وه. قۆناغی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان كه له‌سه‌ر پێداگیری سه‌رۆك بارزانی و پارتی، به جێگۆڕكێی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی به شه‌رعیه‌تی دیموكراتی وهه‌ڵبژاردن و ئیراده‌ی گه‌ل، ده‌ستیپێكرد.
ئه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌مه‌كداری پارتی و خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری كوردستان :
سه‌دساڵ له‌مه‌وبه‌ر و ئه‌و ده‌مه‌ی كورد له مافی دیاریكردنی چاره‌نوسی خۆی بێبه‌ش كرا و باشوری كوردستان به ده‌وڵه‌تی ده‌ستكردی عێراقه‌وه لكێندرا. وه‌عد و به‌ڵێن ئه‌وه بوو ئه‌م ده‌وڵه‌ته نوێیه سه‌رزه‌مینی شه‌راكه‌تی كورد و عه‌ره‌ب بێت. كه‌چی نه‌ك هه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه نه‌هاته‌دی، به‌ڵكو له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، كورد ناچاركرا به زه‌بری تفه‌نگ پارێزگاری له وجودی خۆی بكات و رووبه‌رووی جینۆساید و ئه‌نفال و كیمیایی و ته‌عریب ببێته‌وه.
له عێراقی نوێشدا، كورد به‌سه‌ر برینی به‌سۆی ئه‌نفال و كیمیاییدا هه‌نگاوی نا به‌و ئومێده‌ی عێراقی نوێ ئه‌و عێراقه ده‌ستورییه شه‌راكه‌ته عادیله بێت كه دواجار كورد تێیدا بحه‌سێته‌وه. جارێكی دیكه ئیتیحادی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا قبول كرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش له‌سه‌ر ده‌ستی هاوسه‌نگه‌رانی دوێنێی ئۆپۆزسیۆن، به‌شی هه‌ر هه‌ره‌شه و شه‌ڕ پێفرۆشتن و ئه‌و نانبڕینه بوو كه هیچی له‌سه‌ربڕین كه‌متر نه‌بوو.
ئه‌و ده‌ستوره‌ی زامنی به‌رده‌وامیی ئیتحادی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی نێوان كورد و عه‌ره‌ب بوو، به ته‌واوی پێشێل كرا. ئه‌و ته‌وافوق و شه‌راكه‌ت و یه‌كسانییه‌ی وه‌ك پره‌نسیپ بۆ عێراقی نوێ رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرا، پاشه‌كشه‌ی لێكرا. ئه‌و ده‌سكه‌وتانه و ئه‌وچه‌ند ساڵ ئارامی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌ش كه بۆ گه‌لی كوردستان به‌دیهات، به‌رهه‌می رێكه‌وتنی ستراتیژی و یه‌كده‌ستی پارتی و یه‌كێتی و هێزه كوردستانییه‌كان بوو، به‌رهه‌می لاوازی ئه‌و كاتی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا بوو، نه‌ك باوه‌ڕیان به ماف و به‌ركه‌وتی گه‌لی كوردستان، هه‌ربۆیه‌ش كه بوونه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و ده‌رامه‌ت و میلیشیای پڕ چه‌ك، به‌هه‌مان فه‌رهه‌نگی به‌سه‌رچووی سه‌رده‌می به‌عس كه‌وتنه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد. ته‌نانه‌ت كاتێكیش كوردستان كه‌وته به‌ر په‌لاماری داعش، حكومه‌تی ئیتحادی نه‌ك هه‌ر ئیلتزامی خۆی به‌رامبه‌ر پاراستنی كوردستان به‌جێنه‌گ